2010-11-29 14:32:45

و كوردیشم خۆش دەوێ بەڵام بڕۆ سەرتاسەری دنیا بگەڕێ و بپرسە، دەبینی كورد بەدەستەپاچەیی و كارنەكەری ناویان رۆییوە لەناو گەلاندا. واز لە كوردستان بێنە كە دیارە رۆژانە و شەوانە چەند بەدەست كارنەكەریی خۆمانەوە چەوساوەین و دەبینی چۆن رووتەی كورد چاوەڕوانی كارەكەری ئەندەنووسی و فلیپینی و تایلەندییە نانی بۆ دابنێ و ماڵی بۆ خاوێن كاتەوە. لە دەرەوەش هەمان شتە، ئاوارەی سەرجەم وڵاتانی دنیای سێیەم لە ئەوروپا وەك مێروولە دەخولێنەوە و كار دەكەن، تەنیا كوردە پاڵی لێ داوەتەوە و ناڕازیشە لە حاڵی خۆی.

 

بەڵام ئەم خووەی كارنەكردن وەنەبێ خووێكی تازە بێ لەلای كورد و بەهۆی داهاتی نەوتەوە لەم ساڵانەی دواییدا سەری هەڵدابێ تا دیسان بەرۆكی ئەم و ئەوی پێ بگرینەوە و خۆمانی پێ رزگار بكەین لە بەرپرسیارەتی. نەخێر ئەم گەلە لەوەتەی هەیە گەلێكی كارنەكەرە و رەگێكی قووڵی هەیە لە بێ خەمی و پاڵدانەوە. لە كۆنێكی زۆر كۆنەوە، ژیانی لادێیی و پەزداری، شۆوبڕین و كێڵان و چاندن لە وڵاتێك كە زەویی بەراو و كاری ئاودێریی تێدا نەبووە و هەموو شت تەنیا پشت بەئاوی باران دەبەستێ، مرۆی لە گیانلەبەرێكی بزێوی زیتەڵەوە گۆڕیوە بۆ بابایەكی دزێوی مردەڵەی پشت بەئاسمان بەستوو.

 

كارنەكەری وەك چۆن لە بواری ئابووریدا رەنگدانەوەی نایەتیی دەبێ و هەژاری و برسییەتی دەكا بەبەش بۆ مرۆگەلی كارنەكەر، لە بواری سیاسەتیشدا پەڕپووت و داماوی دەكا بەدەست هاوسێی بێ بەزەیی و داگیركەرەوە. لە مێژووی ئەم ناوچەیەی ئێمەدا هەردوو گەلی كورد و جوولەكە زۆر لەیەك دەچن. هەردووكیان سەدان ساڵ پێش زاین سەروەریی خۆیان لە دەست دا، ئەوەی جوولەكە خراتریش بوو لەوەی كورد لەبەرئەوەی وێڕای دۆڕاندنی سەروەری، ئەوان زەویشیان لە دەست دا و بە سەرتاسەری دنیادا بڵاو بوونەوە. بەڵام دواجار سەیركە، لە سایەی خۆماندووكردنەوە ئەوان بوون بەچ بەڵایەك و چۆن گەڕانەوە ناو مێژوو، كوردیش بەتەنبەڵی و بێباكیی خۆی بوو بە چ لات و لەوارێك. جارێكیان قسەی مێژوونووسێكی ئەرمەنیم لە شوێنێكدا خوێندەوە نووسیبووی گەلی ئەرمەن لەژێر پاڵەپەستۆی مێژوودا بووە ئەڵماس. ئەڵماس كانزایەكە لەژێر پاڵەپەستۆی زۆردا دەڕسكێ و دروست دەبێ. حەزم دەكرد پاڵەپەستۆی مێژوو، كوردیش وەك ئەرمەن و جوولەكە بكا بە ئەڵماس و نەیكا بە لباد.

 

جاران كورد لە ژێردەستەییدا جوان بوو، دوای ئازادبوون جوانییەكەی لە دەست دا. بیانییەكم نەبینیوە لەم ساڵانەی دواییدا سەرسام بووبێ بەلێهاتووییی كورد لە شتێكدا. پێش ماوەیەك رۆشنبیرێكی عەرەبی لبنانیم بینی، بانگهێشتن كرابوو بۆ بۆنەیەكی رۆشنبیریی كوردی، بۆنەیەكی كرچ و كاڵی مایەی بێز و شەرم وەك هەموو بۆنە رۆشنبیرییەكانی تری هەرێمی كوردستان، ئەو رۆشنبیرە لە رووی پەرۆشیی خۆیەوە بۆ كێشەی كوردی، لێپێچینەوەیەكی بەڕاستیی لەگەڵدا كردم "ئاوەها دەوڵەت دروست دەكەن؟" گوتی. نموونەیەكی تر لە تەنبەڵی و مووچەی مفت و خۆڕایی كە گەلی كوردی بۆ دووەم جار تەنبەڵ كردووە: شوانەوێڵەی گوندێكی هاوسێی گوندەكەمان دەسدرێژییان كردبووە سەر ماڵە جووتیارانی گوندەكەی ئێمە. داوودەزگای پۆلیس نەیتوانی لێپێچینەوە لەگەڵ شوانەكاندا بكا لەبەرئەوەی پێشمەرگە بوون. وەك رۆشنبیرێك كە لە دەسەڵاتەوە نێزیكم نەمدەزانی چۆن وەڵامی گوندنشینەكان بدەمەوە. "ئاوەها دەوڵەت دروست دەكەن؟" گوتیان.

 

كارنەكەری و زەمتەیی تەنیا رەوشت و خووێكی كوردی نییە، بگرە رەوشت و خووێكی عێراقیشە. عێراقییەكان وەك چۆن كە خۆیان كار ناكەن، رقیان لە یەكێكیشە كار بكا. ساڵی 1948 كە جوولەكە كۆچیان كرد بەرەو زەویی ژوانگەیان "ارض المیعاد"، عێراقییەكان تاڵان و بڕۆیان كردن. ئەمە رق نەبوو لە خۆیان و ئاینەكەیان، لەبەرئەوەی ئەوان هەزاران ساڵ بوو بێ كێشە دەژیان لەم وڵاتەدا، تاڵانیان كردن وەك تۆڵە لە كارداری و خەمخۆرییان بۆ پیشە. رقیان لە دەسمایەكەیان بوو نەك لە خۆیان. سەدام حوسێن ساڵی 1980 هەمان شتی بەسەر كوردە فەیلییەكاندا هێنایەوە. رووتی كردنەوە لە هەموو سامانێك و فڕێی دانە سەر سنوور. ئەم دوو رووداوە شاری بەغدا و سەرجەم شارەیلی عێراقی لە شاریەتیدا زۆر گەڕاندەوە پاش.

 

فەیلی تاكە گرووپێكی كوردن لە بزنسدا شارەزا و لێهاتوون كتومت وەك جوولەكە، فەیلی گرووپێكی شاریشن. سەدام حوسێنیش وەك كولتووری خۆی: لادێیییەكی رێز لە كار نەگرتووی خۆبەزلزان. دەیان هەزار ماڵە كوردی فەیلی لە عێراق هاتنە وەدەرنان، ئەمانە دوای رمانی رێژیمیش لە ساڵی 2003 نەگەڕانەوە بۆ وڵات، لەبەرئەوەی هاندەرێك نەبوو بیانگێڕێتەوە. سەردانی هەر وڵاتێكم كردبێ كوردی فەیلیم بینیوە خاوەنی بزنسن چ بزنسی گەورە و چ بچووك. هەرچەندە رێژیمی عێراق رووت و رەجاڵیشی كردن بەڵام ئەوان لە سفرەوە تێ هەڵچوونەوە و جارێكی تر بوونەوە بە دەسمایەدار. ئەم فەیلییانە كۆمەڵەیەكی دەست هەڵنەگرتووشن لە نیشتمانپەروەری سەرەڕای ئەوەی كە حكوومەتی كوردی و هەروەها حكوومەتی عێراقیش پشتگوێیان خستن لەوەی زیانەكانیان بۆ بێتە بژاردنەوە. ئەمانە سەرەڕای ئەوەش كە هاتنە پشتگوێخستن، هەر پەرۆشی بەرەوپێشچوونی ئەزموونی حوكمڕانیی كوردستانن.

 

زۆرم بیر كردەوە لەوەی چۆن شاری كوردی ببێ بە شار، كارگە و بازرگانی و رێستۆرانت و شۆپی كوردی چۆن بە شێوەیەكی پرۆفێشیناڵی بێنە دامەزراندن و بەڕێوەبردن. چۆن كورد دەسمایە كەڵەكە بكا و چۆن وڵاتەكەی بەرەو ئاوەدانی و پێشكەوتن ببا، كەی ئەم تەپوتۆزی تەنبەڵییە لە لەش بتەكێنین، هەروەها لە جێی ئەو كۆمپانیاگەلە قۆڵبڕ و نەشارەزایانەی كە نەزانی و تەوەزەلیی كوردیان كردووە بەهەل بۆ رووتاندنەوە و بەتاڵانبردنی سامانی وڵات، چارەسەرێكی باشترم نەبینی لە گێڕانەوەی كوردە فەیلییەكان بۆ هەرێمی كوردستان.