2010-10-11 18:25:59

لەم دیمانەیەدا راشكاوانە ئاماژەی پێدەكات هەموو سەركردایەتی پارتیش سەرقاڵی ئەو كۆنگرەیە و كۆنگرەش بۆ ئێستای پارتی گرنگیەكی زۆری هەیە و چاوەڕێ دەكرێت پارتی لەم كۆنگرەیەدا لەهەموو روویەكەوە خۆی نوێبكاتەوە، بەڵام وێڕای ئەم سەرقاڵیەی بەڕێزیشیان ماوەیەكی باشی بۆ تەرخانكردین بۆ ئەوەی راشكاوانە وەڵامی پرسیارەكانمان بداتەوە، پرسیارەكانی گوڵان لەم دیمانە تایبەتەدا پرسیاری هەمەلایەن و راشكاوانە بوو، هەموو بوارەكانی باری سیاسی كوردستانی گرتۆتەوە، هەروەها ئەو پرسیارانەشی لەخۆی گرتبوو كە زۆربەیان پرسیاری خەڵكی كوردستان بوون و بە فرسەتمان زانی رووبەڕووی بەڕێزی بكەینەوە، ئەویش بەسنگ فراوانییەوە وەڵامی سەرجەم پرسیارەكانی داینەوە، ئەمەش دەقی دیمانەكەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی یە.

گوڵان: خەڵك دەپرسن ئایا نێچیرڤان بارزانی خەریكی چییە؟ ئێمەش لە دەسپێكی ئەم دیمانەیەدا پرسیاری خەڵك دووبارە دەكەینەوە و دەپرسین ئایا نێچیرڤان بارزانی چۆن وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە؟

نێچیرڤان بارزانی: سەرەتا بەخێربێن، خۆشحاڵم بەم چاوپێكەوتنە لەگەڵ گۆڤاری گوڵان، ئەوەی ئێستا هەموومانی سەرقاڵكردووە كاركردن و ئامادەكارییە بۆ كۆنگرەی سیانزەهەمینی پارتی، ئەم كۆنگرەیە كەدوای نزیكەی 10 ساڵ گرێدەدرێت بۆ پارتی كۆنگرەیەكی گرنگە، بۆیە هەموومان سەرقاڵی ئەوەین پەیڕەو و پرۆگرامێك بۆ پارتی دابڕێژین كە لەگەڵ ئەم سەردەمە بگونجێت، لەبەر ئەوەی پێشتر پەیڕەو و پرۆگرامی پارتی لە پێناوی هەندێك ئامانج داڕێژرابوو، ئێمە پێمانوایە دوای رووخانی رژێم تاراددەیەكی زۆر ئەو ئامانجانە هاتوونەتە دی، بۆ ئێستا و قۆناغی نوێ و ئەو گۆڕانكاریانەی بەسەر رەوشەكەدا لەهەموو لایەنێكەوە، پێویستمان بەوەیە پارتی پەیڕەو و پرۆگرامێكی نوێی هەبێت، بۆیە ئێستا هەموومان سەرقاڵی خۆئامادەكرنین بۆ كۆنگرەی سیانزەهەمینی پارتی.

گوڵان: بەڵام پرسیاری خەڵك زیاتر بەتایبەتی رووبەڕووی بەڕێزتان دەكرێتەوە، دەپرسن ماوەی ساڵێكە نێچیرڤان بارزانی خەریكی چییە؟ ئایا ئەم ماوەیەی وەك پشوویەك داناوە یان كاری كردووە و پێشتر لە راگەیاندكاندا دەرنەكەوتووە؟

نێچیرڤان بارزانی: ئەگەر راشكاوانە وەڵامتبدەمەوە، ئەوا بێگومان ماوەیەك دوای دامەزراندنی كابینەی شەشەم چەند مانگێك خەریكی پشوودان بووم، بەڵام دوای ئەوە بەكەم و زۆر لەناو پارتیدا لەهەموو كارەكاندا بەردەوام بووم، بۆیە لە راگەیاندن دەرنەكەوتم، مانای ئەوە نەبووە بێ ئیش بووم، بەپێچەوانەوە زۆر سەرقاڵ بووم، بەڵام لەوانەیە پێویست نەبێت هەموو جار لە راگەیاندن دەربكەویت.

گوڵان: بەڕێزت ئاماژەت بەحكومەت كرد، بەڵام كاتێك بەڕێزتان سەرۆكی حكومەت بوون، بۆچوونێكی واهەبوو كە ئێوە كەمتر بایەختان بەلایەنی حزبی داوە و زیاتر بایەختان بەلایەنی پەرەپێدان و رێكخستنەوەی ژێرخانی كوردستان داوه‌، ئەمە وایكردبوو هەندێك لە حزب دووربكەونەوە، ئایا ئێستا چۆن سەیری ئەو هەنگاوانەت دەكەیت؟

نێچیرڤان بارزانی: حەزدەكەم بەم شێوەیە باسی مەسەلەی بایەخدان بەحزب بكەم، ئەو پرسیارە بكەم ئایا پارتی كە خەباتی كردووە و قوربانیداوە، لەپێناوی چی ئەم خەباتەی كردووە و ئەو قوربانیە زۆرەی داوە؟ بێگومان خەبات و قوربانیدانی لەپێناوی بەدیهێنانی هەندێك دەسكەوتدا بووە، ئایا ئەو دەسكەوتانە بۆ كێیە؟ بێگومان بۆ ئەو میللەتەیە، هەر بۆیە زۆر راستە لە وەرگرتنی كابینەی پێنجەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، به‌ یارمەتی برادەران هەموو هەوڵم بۆ ئەوە بوو كابینەی پێنجەم كابینەیەكی یەكگرتووی حكومەتی هەرێمی كوردستان بێت، هەروەها هەوڵبدەین ژێرخانێكی ئابووری بەهێز بۆ كوردستان بونیاد بنێین، كە ئەمانە ئامانجی پارتی بوون و دوور لە پارتی نەكراون، چونكە خەباتی پارتی بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجانە بووە و منیش وەك ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی بە ئەركی سەرشانی خۆمم زانیووە ئەو سیاسەتەی پارتی پیادەبكەم و جێبەجێی بكەم.

ئێمە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ رابردوو، لەساڵی 1991ـەوە تا ساڵی 2003 سیاسەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی گشتی و بنەڕەتی ئەوەبووە چۆن مووچەی فەرمانبەران دابین بكەین و هەندێك خزمەتگوزاری زۆركەم كە تەنیا بۆ راگرتنی بارودۆخەكە بوو پێشكەش بكەین، دوای 2003 قۆناغێكی نوێ دەستی پێكرد و دەبوایە ئێمە كار بۆ بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری هەرێمی كوردستان بكەین، ئەمەش قۆناغی دەسپێك بوو، كە هەرێمی كوردستان بودجەیەكی دیاریكراوی هەبوو، بۆیە دەبوایە بەرنامەیەكی جددی دابڕێژرێت بۆ بونیادنانەوەی ژێرخانی هەرێمی كوردستان، هەتا كابینەی پێنجەم بەو شێوەیە بوو، بەڵام لە كابینەی پێنجەم هەموو ئەو هەڤاڵانەی پارتی و یەكێتی كە لەو كابینەیە وەزیر بوون، پێكەوە بۆ ئەو ئامانجە كارمان كردووە، كابینەی شەشەمیش كەم و زۆر درێژەپێدانی ئەو بەرنامەیەیە كە لە كابینەی پێنجەم دەستمان پێكردبوو، توانیمان بناغەیەكی پتەو بۆ ژێرخانی ئابووری كوردستان دابڕێژین و دەكرێت لە كابینەكانی دیكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان پەرەی پێبدەن.

گوڵان: هەر لەوماوەیەی كە بەڕێزتان سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوون، بواری سامانە سرووشیەكانیش پەرەپێدانی گەورەی بەخۆیەوە بینی و توانرا نەوتی كوردستان هەناردەی دەرەوە بكرێت، ئەمە لە كاتێكدا لەسەر ئەم مەسه‌لەیە لەگەڵ بەغدا كێشەیەكی گەورە هەبوو، ئایا چۆن توانرا سەركەوتن بەدەست بهێنن؟

نێچیرڤان بارزانی: لەكابینەی پێنجەمدا لەبەردەمی دوو رێگە بووین، یان دەبوایە چاوەڕێی ئەوە بكەین، بزانین لەلایەن بەغدا بەگشتی و وەزارەتی نەوتی عێراقەوە بەتایبەتی چیمان بەسەردا فەرز دەكرێت، كەی یاسای نەوت و گازی حكومەتی عێراق دەردەچێت، یان دەبوایە لەچوارچێوەی ئەو مافە دەستوورییەی دراوەتە هەرێمی كوردستان، هەندێك بڕیاری تایبەت بەهەرێمی كوردستان بدەین، بۆ ئەمە گەڕاینەوە بۆ دەستووری عێراق كە دەركەوت هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك دەسەڵاتی دەستووری هەیە و بەپێویستمان زانی ئەو دەسەڵاتانە پیادە بكەین و ستراتیژیەتێك دابڕێژین كەلەسەر دوو بنەمای سەرەكی بوو، یەكەم: سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان لەبواری سووتەمەنی، دووەم: پیادەكردنی ئەو مافانەی كە دەستووری عێراق بەهەرێمی كوردستانی داوە.

دوای داڕشتنی ئەم ستراتیژە هەوڵی جددیمان بۆ جێبەجێ كردنی دا، بەڵام ناحەزی زۆر بوو بەربەستیشی بۆ دروست دەكرا، تاراددەی تاوانبار كردنیش، بۆیە جێبەجێكردنی ئاسان نەبوو، پێویستە راشكاوانە بڵێم ئەو كات ئیرادەیەكی زۆر بەهێز لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ جێبەجێكردنی ئەم ستراتیژە هەبوو، بێگومان خۆشحاڵ بووم لەو رێگەیەدا سەركەتوو بووین، واتە لەرێگەی سەربەخۆیی سووتەمەنی بۆ هەرێمی كوردستان و چارەسەركردنی كێشەی گەورەی كارەبا سەركەتوو دەبین، ئێستاش سیاسەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو ئیمكانیەتەی هەیە كە بتوانێت یارمەتیدەری تەئمینی وزە بێت لەدەرەوە، بەتایبەتی ناردنە دەرەوەی گاز بۆ توركیا و ئەوروپا، ئەم سیاسەتەش بەردەوامە، بۆئەوەی كوردستان بكەوێتە سەر نەخشەی تەئمینی وزە لە جیهاندا.

گوڵان: بەڕێزت ئاماژەت بەوەكرد و وتت، ئەوەی من كردوومە سیاسەتی پارتی بووە و من وەك ئەندامێكی سەركردایەتی جێبەجێم كردووە، بەڵام زۆرجار گوێبیستی ئەوە بووین كە شێوازی كاركردنت، شێوازێكی تایبەتییە، ئایا دەتوانیت خاڵە سەرەكییەكانی ئەم شێوازە جیاوازە بۆ گوڵان باس بكەیت؟ تاچەند ئەم شێوازە دەبێتە هۆكارێك بۆ زیاتر چالاككردنی پارتی؟

نێچیرڤان بارزانی: جیاوازی شێوازی ئیشكردن لەناو هەر حزبێكدا شتێكی زۆر سرووشتیە، لەوانەیە لەناو پارتیشدا شێوازی جیاواز بۆ كاركردن هەبێت، بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە و دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە، ئەگەر جیاوازی لە شێوازی كاركردنیشدا هەبووبێت، بەڵام سیاسەتێكی یەكگرتوو بەیەك ئیرادەیی لەژێر سایەی سەركردایەتی سەرۆك مسعود بارزانی پیادەكراوە، ئەم سیاسەتەش لەپێناوی بەدیهێنانی ئەو ئامانجە مێژوویانە بووە كە جەنابی سەرۆك هەموو ژیانی خۆی بۆ تەرخانكردووە، لەم چوارچێوەیەدا لەوانەیە بۆچوون و شێوازی كاركردنیش هەبێت، تا راددەی ئەوەی باس لەوە دەكرێت، كوتلەو كوتلەكاری لەناو پارتیدا هەبێت، بەڵام خەسڵەتی دروستبوونی پارتی بەتەواوەتی لەوە دوورە، لێرەدا حەزدەكەم ئاماژە بە واقیعێكی ناو پارتی بكەم، لەناو پارتی زۆر به‌ دیموكراتیانە رای خۆمان دەڵێین، جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی زۆر بەئاسانی تەقەبولی رای جیاواز دەكات و بە ئاسایی وەریدەگرێت، تا ئەو راددەیەی ئەگەر كارێكیش بكرێت لەگەڵ بۆچوونی بەڕێزیشی جیاواز بێت، لەبەر ئەوەی ئامانجێكی داناوە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە تۆ كوتلەی خۆت هەیە، مانای ئەوە نییە تۆ بیروبۆچوونێكت لەدەرەوەی بیروبۆچوونی پارتی هەیە، هەربۆیە راشكاوانە دەڵێم بیروبۆچوونی هەموومان بیروبۆچوونی پارتییەو هەمووشی لەژێر سەركردایەتی سەرۆك مسعود بارزانیدایە. ئەمە پێشتریش لەناو پارتیدا هەبووە و بەردەوامیش دەبێت.

 

 

 

پارتی و داهاتووی كاری رێكخراوەیی لەناو پارتیدا

 

گوڵان: لێرەدا دەمەوێت جارێكی دیكە بگەڕێمەوە سەر كۆنگرەی پارتی، لەبەرئەوەی ئەم كۆنگرەیە زۆر گرنگە بۆ ئێستای پارتی، ئەم كۆنگرەیە لە بارودۆخێكی تایبەتی گرێدەدرێت و ئەگەر بەراوردی بكەین لەگەڵ بارودۆخی 12 كۆنگرەكەی پێشتری پارتی، بارودۆخی ئێستا لەو بارودۆخانە جیاوازترە، ئایا تاچەند ئامادەباشن بۆ ئەم كۆنگرەیە؟ هەروەها ئایا بایەخدانتان لەم كۆنگرەیەدا لەسەر چی چڕدەبێتەوە؟

نێچیرڤان بارزانی: وەك پێشتریش ئاماژەم پێكرد، یەكەم شت ئەوەیە لەناو سەركردایەتی ئێمە هەر لەجەنابی سەرۆك بارزانیەوە تادەگاتە مەكتەبی سیاسیی و هەموو ئەندامانی سەركردایەتی لەسەر یەك خاڵ كۆكین، كە ئەم حزبە پێویستی بە گۆڕانكاری و نوێكردنەوە هەیە و دووبارەی دەكەمەوە هەموو سەركردایەتی پارتی لەسەری هاودەنگن و چەند ئاراستەیی لەئارادا نییە، هەموو لایەك دڵنیا دەكەمەوە قەت شتی وا لەناو پارتی نییە و بوونیشی نابێت، بەڵام هەموومان لەسەر ئەوە هاودەنگین كە ئەمە قۆناغێكی نوێیە لەمێژووی گەلەكەمان و پارتی پێویستی بەوە هەیە هەرچۆنێك بۆی دەكرێت خۆی بۆ ئەو قۆناغە ئامادەبكات، لەم چوارچێوەیەدا ئەوەی ئێمە زۆر تەئكیدی لەسەر دەكەینەوە ئەوەیە، مەسەلەی گۆڕانكاری لەناو كۆنگرەی پارتی تەنیا گۆڕینی دەموچاوەكان نییە، وەك هەندێك خەڵك وا مەزندە دەكات، بەپێچەوانەوە ئەو مەسەلەیە لای ئێمە گرنگیەكی ئەوتۆی نییە، لەبەر ئەوەی ئەوە كۆنگرەیەو ئەندامانی پارتی خۆیان لەناو كۆنگرە بڕیار دەدەن كێ هەڵدەبژێرن و كێ هەڵنابژێرن، بۆیە ئەوەی مەبەستمانە گۆڕانكاری لە پەیڕەو و پرۆگرامی پارتیدا بكەین، دەمانەوێت لەم كۆنگرەیەدا هەوڵێكی هێجگار زۆر بدەین بۆ كاراكردنی رۆڵی ئافرەت لەژیانی سیاسیی كوردستاندا، لەم كۆنگرەیەدا رێگە خۆش دەكەین بۆ گەنجان و فراوانكردنی بەشداریی لە دروستكردنی بڕیاردا، ئەوجا ئەگەر لێرەوە زیاتر لەسەر گۆڕینی پەیڕەو و پرۆگرامی پارتی قسە بكەین، پێمباشە ئاماژە بەوە بكەم كە سیستمی پێشتری پارتی، سیستمی سەردەمێكی شۆڕشگێڕی و بارودۆخی نائاسایی بووە، هەتا پەیڕەو و پرۆگرامەكەشی لەسەر ئەو بنەمایە داڕێژراوە، بەڵام ئەمڕۆ ئەو قۆناغەمان تێپەڕاندووە و بەشێك لە ئامانجەكانمان بەدیهاتوون، دەتوانین بڵێین شێوازێكی دیكەی بۆ خەباتكردن دەوێت، واتە بایەخدانی زیاتری دەوێت بە ئافرەتان بە گەنجان و بەشداربوون لەچۆنیەتی بڕیار دروستكردن و برەودان بەخەباتی مەدەنیانە و دەمانەوێت لەناو پارتی لەسەرەوە بۆ خوارەوە هەموو هەست بكەن كە لەپرۆسەی بڕیار دروستكردندا رۆڵێكی سەرەكیان هەیە، بەجۆرێك هەیكەلی پارتی دابڕێژینەوە كە بەشداری و دەربڕینی بیروبۆچوونەكان لەناو هەموو پارتی روون و ئاشكرابێت.

وڵان: بەڕێزت ئاماژەت بەوەكرد پێشتر سیستمی پارتی سیستمێكی شۆڕشگێڕی بووە، بەڵام ئێستا دەتانەوێت شێوازی پارتی بگۆڕدرێت بۆ حزبێك لەناو كۆمەڵگەی دیموكراتیدا، ئەمە لەسەر پارتی پێویست دەكات هەندێك لە مەركەزیەت دوور بكەوێتەوە و پەنا بۆ لامەركەزیەت ببات، ئایا بەڕێزت دەتوانی لەمبارەوە روونكردنەوەی زیاترمان بدەیتێ؟

نێچیرڤان بارزانی: ئەمەش یەكێك لەو خاڵانە دەبێت كە پارتی هەوڵدەدات لە كۆنگرەدا بڕیاری لەسەر بدرێت، بێگومان هەموو بڕیارێك كۆنگرە دەیدات، بەڵام پارتی هەوڵدەدات لە كۆنگرەدا مەسەلەی لامەركەزیەت بەشێوەیەكی زۆر رێكوپێك پیادەبكرێت و یەكێك لە ئامانجەكانی ئەوەیە هەموو دەسەڵاتەكان لەسەركردایەتی كۆنەبێتەوە، بەڵكو دەسەڵات دابەشبكرێت و بگات بە ئۆرگانەكانی خوارەوەی پارتیش، خاڵێكی دیكە كە زۆر گرنگە و لای هەمووشمان ئاشكرایە كە سیستمی سیاسیی لەكوردستان سیستمێكی دیموكرایتەو رووبەڕووبوونەوەیە لەگەڵ سندوقی دەنگداندا، سندوقی دەنگدانیش پێویستی بەوەیە بایەخ بەو بوارانە بدرێت كە پێویستی ژیانی رۆژانەی خەڵكە، لەمڕۆ بەدواوە ئەمە بەلای پارتیەوە گرنگە، پێشتر خەباتی ئێمە بۆ كۆمەڵێك ئامانج بوو كە ئەمڕۆ هەندێكی بەدیهاتوون و زۆر خەڵكی قارەمانیش لەپێناوی بەدیهێنانی ئەو ئامانجانە شەهیدبوون و گیانی خۆیان كردە قوربانی، ئامانجی ئەمڕۆی ئێمە گۆڕدراوە و بۆتە ئامانجی پیادەكردن و جێبەجێكردنی دیموكراتی لەكوردستاندا، ئامانجی ئێمە بایەخدانە بەژیانی رۆژانەی خەڵك، لەمڕۆ بەدوا ئامانجی پارتی بریتی دەبێت لەوەی چۆن بتوانێت زیاتر خزمەتی خەڵكی كوردستان بكات، چۆن بتوانێت ئەوپرسانەی لەرووی خزمەتگوزاری و دۆزینەوەی هەلی كار، خەمی رۆژانەی هاووڵاتیانن، ئەمانە لەناو سیاسەتی پارتی دابڕێژرێنەوە و ببنە خەمی پارتی و لەپێناو بەدیهێنانی و چارەسەركردنی گرفتەكانی خەڵك خەبات بكات.

گوڵان: ئایا تۆ دەتوانیت بڵێیت لەمەودوا ئەوەی خەڵك بەگرنگی دەزانێت، پارتیش بەگرنگی دەزانێت و دەبێتە سیاسەتی پارتی بۆ بەدیهێنانی؟

نێچیرڤان بارزانی: بەڵێ، بۆ لەمەودواش وەك حزب خەبات دەكەین بۆ جێبەجێكردنی ئەو پرسانەی پێوەندی بەژیانی رۆژانەی خەڵكەوە هەیە. بۆیە داوا لە ئەندامان و لایەنگرانی پارتی دەكەین كە ئەمە بەرنامە و كاری رۆژانەیان بێت و گوێ لەپێشنیار و گلەیی و گازندەی خەڵك بگرن و بەئەركی خۆیانی بزانن.

گوڵان: ئێستا لە سلێمانی لقێكی مەكتەبی سیاسیتان كردۆتەوە، پرسیار ئەوەیە ئایا بەس بۆ سلێمانی ئەو تایبەتمەندییەتان دروستكردووە؟ یان ئەمە سەرەتایەكە بۆ ئەوەی سەركردایەتی لۆكاڵ و ناوچەیی بۆ هەموو كوردستان دروست بكەن؟

نێچیرڤان بارزانی: لە بەرنامەماندایە لەدوای كۆنگرە ئەو شێوازە بۆ هەموو ناوچەكانی كوردستان پیادە بكەین، بۆیە ئەو شێوازە تەنیا پەیوەست نییە بەسلێمانیەوە.

گوڵان: بۆچی سلێمانیتان پێشخست؟

نێچیرڤان بارزانی: بۆ پیادەكردنی ئەم شێوازە بیرمان لەوەكردەوە پێویستە لەشوێنێك دەست پێبكەین، سلێمانیش یەكێكە لەو ناوچانەی كە پێویستە پارتی گرنگی پێبدات، بۆیە لەسلێمانیەوە دەستمان پێكرد.

گوڵان: دوور لە هۆكارەكانی دیكە و ئەوەی پێوەندی بە پارتییەوە هەیە، رەوشی پارتی لە سلێمانی و گەرمیان چۆن دەبینی، ئایا بەوە رازیت یان بەرنامەیەكتان هەیە بۆ چارەسەركردنی؟

نێچیرڤان بارزانی: سلێمانی مەڵبەندی خەبات و رۆشنبیری و شۆڕشگێڕی بووە و رۆڵێكی سەرەكی هەبووە لە هەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵاندا، بۆیە ئەگەر بە ئاكامی هەڵبژاردنەكان سەیری بكەین، ئەوە لەگەڵ مێژووی و قوربانیدانی پارتی لەناوچەی سلێمانی یەكناگرێتەوە، ئەمەش واتە كەموكوڕی هەیە، تاكو دەست لەسەر كەموكوڕییەكانی خۆشمان دانەنێین ناتوانین چارەسەریان بكەین، كەواتە ئەو سنوورە شێوازێكی نوێی كاركردنی دەوێ، بەڵێ بەرنامەمان هەیە و لەپێشدا دەمانەوێت بزانین كێشەكان چین، ئەوانەی پارتین و تا راددەیەك دڵیان رەنجاوە ئێمە ئاشتیان بكەینەوە، هەوڵ بدەین خانەوادەی شەهیدەكان ئەوەی پێویستە بۆیان جێبەجێ بكەین، دوای ئەمە بایەخ بە راگەیاندن و گەنجان و رۆشنبیران بدەین.

گوڵان: ئەگەر هەر لەچوارچێوەی سیاسەتی پارتی بۆ داهاتوو بپرسین، مەسەلەی فیدرالی یەكێكە لەو پرسە گرنگانەی پێویستی بەوە هەیە لە كۆنگرەدا باسی لێوەبكرێت، پارتی لەكۆنگرە چۆن لەسەر ئەم مسەلەیە هەڵوەستە دەكات؟

نێچیرڤان بارزانی: ئامانجی ئێمە بەشێوەیەكی گشتی چەسپاندنی فیدرالیە لە عێراقدا، ئەمڕۆ بۆ ئەو ئامانجە خەبات دەكەین و فیدرالیەتیش بۆ ئەمڕۆی عێراق مەسەلەیەكی دەستوورییە، واتە مەسەلەكە پێوەندی بەمیزاجی خەڵكێكەوە نییە، بیەوێت بەشێوەیەكی دیكە نەخشەی سیاسیی عێراق دابڕێژێتەوە، بۆیە دەبێت هەوڵبدەین لەم قۆناغەی ئێستا واتە لەماوەی چوارساڵی داهاتوو، ئەو فیدرالیەی هەموو لەسەری رێككەوتووین و دەستووریش كە %80ی گەلی عێراق دەنگی پێداوە ئەو فیدرالیەتەی پەسەندكردووە، دەبێت هەرێمی كوردستان هەوڵبدات بۆ جێبەجێكردنی ئەو دەستوورە، وەك ئامانجێكیش كاری بۆ بكات و وەك رای شەخسیش پێموانییە جێبەجێكردنی ئەو دەستوورە لە عێراقدا زۆر زەحمەت بێت.

گوڵان: ئەگەر ئەمە وەك دەڵێن پلانی Aی بێت، ئایا نابێت پارتی وەك حزبێك كەهەموو كاتێك چارەنووسی میللەتێكی لەسەر شان بووە، گریمانەی ئەوە دابنێت ئەگەر ئەم فیدرالیەتە نەتوانرا جێبەجێ بكرێت، پلانێكی دیكە بۆ نموونە پلانی Bیشی هەبێت؟

نێچیرڤان بارزانی: ئامانجی ئێمە لەم قۆناغە چەسپاندنی فیدرالی و جێبەجێكردنی دەستووری عێراقە، پێموایە ئێستا زۆر زووە باسی بەدیلی دیكە یان رێگەچارەی دیكە بكەین.

گوڵان: ئەی سەبارەت بە گەڕانەوەی ناوچە دابڕاوەكان كە ئەویش مەسەلەیەكە زۆر زۆر گرنگە، ئایا پێتانوایە كۆنگرە چۆن لەسەر ئەم پرسە گرنگە هەڵوەستە دەكات؟

نێچیرڤان بارزانی: پێش هەمووشت ئەگەر ماددەی 140 وەك خۆی سەیری بكەین، ئەمە ماددەیەكی دەستووریەو هەرێمی كوردستان سورە لەسەر ئەوەی دەبێت ئەم ماددە دەستوورییە جێبەجێ بكرێت، بەڵام كێشەكە ئەوەیە چۆن ئێمە هەوڵبدەین نەخشەی رێگە بۆ جێبەجێكردنی ئەم ماددە دەستوورییە دابڕێژین، پێموایە لەم چوارچێوەیەدا بەغدا زۆر كەمتەرخەم بووە، بۆیە دەبێت شێوازی جێبەجێكردنی ماددەی 140 ئەسڵەن بگۆڕین و نەخشەیەكی تازە بۆ جێبەجێكردنی دابڕێژینەوە، واتە ئەگەر ئێمە جەخت بكەین و سوربین لەسەر ئەوەی بەهاوكاری بەغدا یاسای دابەشكردنی داهاتی نەوتمان هەبێت، ئەوا یاسای دابەشكردنی داهاتی نەوت، زەمینە خۆش دەكات بۆ چارەسەری زۆر كێشەی كەركوك و ناوچە دابڕاوەكانی دیكەش، ئەگەر ئەم یاسایەمان هەبوو، یارمەتیدەر دەبێت بۆچارەسەری كێشەی كەركوك، لەبەر ئەوەی زۆرێك لە عەرەبەكان و خەڵكی دیكەش بۆچوونێكی زۆر هەڵەیان هەیە و پێیانوایە سوربوونی ئێمە لەسەر كەركوك و ناوچە دابڕاوەكانی دیكە مەسەلەكە نەوتە، بەڵام مەسەلەكە نەوت نییە، مەسەلەكە زۆر زۆر لەنەوت گەورەترە، ئەگەر مەسەلەی داهاتی نەوت چارەسەر كرا، مەسەلەكە دەگۆڕێت بۆ ئەوەی ئەم خانووە هی منە یان هی تۆیە، مەبەستم ئەوەیە مەسەلەكە بەو ئاستە گەورە نابێت كە كورد ئەجێندایەكی نهێنی هەیە لە پشت گێڕانەوەی ئەو ناوچە دابڕاوانە بۆ سەر هەرێمی كوردستان، بەداخەوە تائێستا نەمانبینیووە بەغدا ئەم هەنگاوە بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە هەڵبگرێت، بۆیە راشكاوانە دەڵێم هەوڵی ئێمە لە ئێستاوە و لەدوای كۆنگرەش بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140 دەبێت، یەكێك لە خاڵەكانی بەرنامەی فراكسیۆنە كوردستانیەكانیش ئێستا ئەم مەسەلەیەیەو لەگەڵ هەموو لایەنەكان وتووێژی لەسەر دەكەن.

 

ئۆپۆزسیۆن و ژیانی سیاسی لە كوردستان

گوڵان: بوونی ئۆپۆزسیۆن دیاردەیەكی دیكەی ژیانی سیاسییە لە كوردستان، ئایا چۆن سەیری دیاردەی ئۆپۆزسیۆن لەكوردستان دەكەیت؟

نێچیرڤان بارزانی: ئۆپۆزسیۆن پێشتریش هەبووە، شتێكی تازە نییە، لە پەرلەمان و وەك حزبی سیاسیش هەبووە، ئەمە لەلایەك، لەلایەكی دیكە پێموایە بوونی ئۆپۆزسیۆن دیاردەیەكی زۆر تەندروستە لە وڵاتی دیموكراتیدا، لەبەر ئەوەی دەسەڵاتیش هەیە و ئۆپۆزسیۆنیش هەیە، ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات تەواوكاری یەكن نەك دوژمنی یەكتری، ئەگەر دەسەڵات وا مەزندە بكات هەموو شتێكی رێكوپێكەو هیچ كەموكورتیەكیان نییە، ئەوە بۆچوونێكی هەڵەیە، ئەگەر ئۆپۆزسیۆنیش وا بیر بكاتەوە هەرچی دەسەڵات دەیكات هەمووی رەشە و هیچ كارێكی باش ناكات، ئەمەش بۆچوونێكی راست نییە، لەبەر ئەوەی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات تەواوكاری یەكترین، ئەگەر ئەم شێوازە لە كوردستان بچەسپێت و بەردەوام بێت، وای دەبینم ئەمەش پتەوكردنی بناغەی دیموكراسییە لە كوردستاندا، دەكرێت ئێمە زیاتر كاربكەین بۆ ئەوەی هەردوولا (ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات) بە بەرپرسیارانە رەفتار بكەن.

 

 

گوڵان: ئایا پارتی بەنیازە لە داهاتوو چۆن مامەڵە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن بكات؟

نێچیرڤان بارزانی: پارتی هەوڵدەدات لەگەڵ هەموو لایەنەكان بە ئۆپۆزسیۆن و ئەوانەشی لە حكومەت بەشدارن، پێوەندییەكی زۆر سرووشتی و ئاسایی هەبێت و پارتی مامەڵە لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەكات، ئەمە سیاسەتی پارتی دەبێت، هەر بۆئەمەش هەر لەئێستاوە خەریكی داڕشتنی سیاسەتێكی باشە لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستاندا.

 

گوڵان: لایەنێكی دیكە كە تایبەتە بە باری سیاسیی ئێستای كوردستان، ئه‌ویش مەسەلەی رێككەوتنی ستراتیژی پارتی و یەكێتییە، تاچەند رێككەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یەكێتی بە زەرورەتی ئەم قۆناغە دەزانیت؟

نێچیرڤان بارزانی: ئەو پرسیارە دەكەم، ئایا ئەم رێككەوتنە چەند خزمەتی دۆزی سیاسیی گەلەكەمانی كردووە؟ من لەو روانگەیەوە ئەم رێككەوتنە ستراتیژییە هەڵدەسەنگێنم، لەوانەیە خەڵكی تر بەجۆرێكی دیكە سەیری ئەم رێككەوتنە بكەن، بەڵام پێموایە رێككەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یەكێتی لە قۆناغێكدا ئیمزاكراوە، خودی قۆناغەكە بۆ گەلەكەمان زۆر گرنگ بووە، هەروەها دەسكەوتەكانی ئەم رێككەوتنەش بۆ هەرێمی كوردستان هێجگار گەورە بووە، ئەمە لەسەر هەردوو ئاست، ئێستا ئێمە لە قۆناغی ئینتقالیدان، لەم قۆناغەدا نابێت كێشەی نێوان پارتی و یەكێتی یان كێشەی ناوخۆیی نێوان لایەنە سیاسییەكانی كوردستان ببێتە هۆكاری ئەوەی دەسكەوتی زۆر گەورەمان لەدەست بچێت، بارودۆخی ئێستای كوردستان دەڵەمەیە و بەتەواوی خۆی نەگرتووە، رێككەوتنی ستراتیژی نێوان ئێمە و یەكێتی گەرەنتییە بۆ چەسپاندنی ئەم واقیعە، بۆیە پێداویستی رێككەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یەكێتی لە عێراق و كوردستان وەك خۆی ماوە، دەبێت وەك پێویستیەك سەیری رێككەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یەكێتی بكەین و دەبێت بەردەوامیش بین، وەكو پارتیش حەزدەكەم ئەوەتان پێبڵێم رای سەركردایەتی پارتی بەشێوەیەكی یەكلاییكەرەوە بەردەوامبوونە لە هاوپەیمانی ستراتیژی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا، دەبێت زیاتر هەوڵبدەین ئەو هاوپەیمانیە ستراتیژییە لە ریزەكانی پارتی و یەكێتیدا قووڵ بێتەوە.

 

 

گوڵان: حەزدەكەین بزانین تۆ چۆن سەیری كابینەی شەشەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەیت؟

نێچیرڤان بارزانی: سەبارەت بە كابینەی شەشەم دەمەوێ بڵێم وەكو پارتی ئێمە بە ئەركی خۆمانی دەزانین پشتگیری تەواوی ئەم حكومەتە بكەین بۆ ئەوەی لە كارەكانیدا سەركەوتوو بێت، سیاسەتی پارتی ئەوەیە یارمەتی و پاڵپشتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بێت بۆ ئەوەی سەربكەوێت، لەم مەسەلەیەدا دەمەوێ ئەوەش بڵێم تا ئەم ساتەش هیچ شتێك نەگۆڕاوە لە پشتیوانی ئێمە لە جەنابی دكتۆر بەرهەم وەكو سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئێمە پێمانوایە ئەو بەرنامەیەی هەتا ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆخۆی دایناوە و كاری لەسەر دەكات بەرنامەیەكە شایستەی ئەوەیە هەموو لایەكمان پشتگیری لێبكەین بۆ ئەوەی تێیدا سەربكەوێت، سەركەوتنی حكومەتی هەرێمی كوردستان، سەركەوتنی بەرهەم ساڵح، سەركەوتنی پارتییە، سەركەوتنی هەموو لایەكمانە، ئێمە بەرنامەیەكمان نییە بۆ ئەوەی ئەم حكومەتە سەرنەكەوێت بە هیچ شێوەیەك شتی وا لە ئارادا نییە، بەپێچەوانەوە ئێمە یارمەتیدەر بووین و هاوكاری یەكەمین بۆ سەركەوتنی ئەم حكومەتە، چونكە بە حكومەتی هەموو كوردستانی دەزانین.

 

 

 

 

 

رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و میدیای ئازاد لە كوردستاندا

 

گوڵان: ئاسۆی دیموكراتی لەكوردستان چۆن دەبینیت؟

نێچیرڤان بارزانی: دیموكراسیەت ئەوە نییە وەك دیاری بەخەڵك بدرێت، بڵێیت فەرموو ئەمە دیموكراسیەتە بەدیاری بۆ تۆ، دیموكراسیەت لەهیچ وڵاتێكی جیهان بە شەو و رۆژێك دروست نەبووە، دیموكراسیەت پراكتیزەكردنی ژیانی رۆژانەیە لەهەر كۆمەڵگەیەكدا، دەبێت لە كۆمەڵگە ئامادەباشیەك هەبێت بۆ ئەوەی هەنگاو بەرەو دیموكراتی هەڵبگریت، ئێستا ئەگەر پرسیار لەئێمە بكرێت ئایا ئەو دیموكراتیەی لەكوردستان هەیە كەموكورتی هەیە؟ لەوەڵامدا دەڵێم بەڵی كەموكورتی هەیە، زۆر بە ئاساییش سەیری ئەو كەموكوڕیانە دەكەم، ئەگەر خەڵكێك بەراوردی دیموكراسی ئێمە لەگەڵ رۆژئاوا بكات، پێموایە ئەوەش هەڵەیەكی زۆر گەورەیە، لەبەر ئەوەی كۆمەڵگەی كوردەواری جیاوازی هەیە لەگەڵ كۆمەڵگەیەكی رۆژئاوایی، پرسیار ئەوەیە كۆمەڵگاكانی رۆژئاوا بەچەند ساڵ گەیشتوونەته‌ ئەو قۆناغەی ئێستایان؟ بێگومان ئەوان بەسەدان ساڵ گەیشتوونە ئەو قۆناغەی ئێستا، پاشانیش دەوڵەتیان هەبووە، حكومەتی خۆیان هەبووە، دەوڵەتداریان كردووە، بەڵام ئەوەی ئێمە ئێستا لە كوردستان دەیبینین سەرەتایەكی هێجگار نوێیە لە پیادەكردنی دیموكراسی، جێگیربوونی تەواوی دیموكراسی لەم وڵاتە ماوەیەكی زۆری دەوێت، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە هەموو پێكهاتەكانی كوردستان بە پارتە سیاسییەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیەوە كۆكن لەسەر ئەوەی، دەبێت هەموومان هەوڵبدەین بۆ جێگیركردن و قوڵكردنەوەی دیموكراتی لەم وڵاتەدا.

 

 

گوڵان: سەبارەت بە میدیا لەكوردستاندا، ئێستا بۆچوونێك هەیە كە پێیوایە خراپ سوود لە یاسای رۆژنامەگەری وەرگیراوە و پێویستە ئەم یاسایە بەجۆرێك هەموار بكرێت كە باری رۆژنامەگەری لــــەكـــــــوردســـتان رێـــــكبــــخــــاتــەوە، بۆچوونێكی دیكەش هەیە كە دەستكاری كردنی ئەم یاسایە پەشیمان بوونەوەیە لە ئازادی رۆژنامەگەری، بەڕێزت سەبارەت بەهەردوو بۆچوونەكە چی دەڵێیت؟

نێچیرڤان بارزانی: پێش هەمووشت ئازادی رۆژنامەگەری لەكوردستاندا هەیە، ئەمەش بەو مانایە نایەت كەهەندێك ئازادن و هەندێكی تر ئازاد نین، لەو بڕوایەدام میدیا لە كوردستان ئازادی هەیە، ئیشكالیەتەكە لەسەر بەرپرسیاریەتی و رەفتاركردنە، لەم چوارچێوەیەدا دەتوانم بڵێم رۆژنامەگەری لەكوردستان بەبارێكی نائاسایی تێپەڕدەبێت، ئەمەش پێویستی بەدوو شت هەیە، یەكەم: پێویستە رۆژنامەنووسەكانی ئێمە زیاتر خولی راهێنانیان بۆ بكرێتەوە. دووەم: پێویستە بەشێوەیەكی بەرپرسیارانە رەفتار بكرێت، واتە ئەركی هەموو میدیاكارانە كەوا بە وردی بارودۆخی ئێستای كوردستان لەبەرچاو بگرن و پاراستنی ئەو دەسكەوتانەی بەدەست هاتوون بەئەركی نیشتمانی و دیموكراسیانەی خۆیان بزانن و لەوەش ئاگادار بن كەوا راگرتنی ئەم دوو ئەركە بەتایبەتمەندیەكانی كوردستانەوە، پێشكەوتن و چارەنووسی هەموومانی پێوە بەندە.

كە بێگومان لەزۆر لایەنەوە هەڕەشەی لێدەكرێت، پێموایە بەدیالۆگێكی هێمنانە لەنێوان رۆژنامەنووسان و دەسەڵات دەتوانین بگەینە چارەسەرێك، كە بەهیچ شێوەیەك پێشێلكردنی ئازادی رۆژنامەگەری نەبێت لەكوردستان و لەهەمان كاتیشدا هاوسەنگی ئەركەكان بپارێزرێت، بۆ ئەوەی بۆ هەموو لایەك ئاشكرا بێت پارتی بەهیچ شێوەیەك نیەتی ئەوەی نییە لەئازادی رۆژنامەگەری پاشە كشە بكات، جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی لەروانگەی بڕوابوونیشی بە ئازادی رۆژنامەگەری، یاسای رۆژنامەگەری هەرێمی كوردستانی ئیمزاكرد، كەواتە كێشەكە لەسەر ئەوە نییە كە ئێمە پرانسیپی ئازادی رۆژنامەگەری قبووڵ دەكەین یا رەتی دەكەینەوە، ئەم مەسەلەیە بڕاوەتەوەو سەرۆك بارزانی ئیمزای كردووەو بڕوای تەواویشی پێیەتی، بەڵام ئێستا بارودۆخی میدیا پێویستی بەرێكخستنەوە هەیە، ئەمەش بە وتووێژ و لێكتێگەیشتن و دەستگرتن بە بنەما یاسایی و ئازادییەكانەوە دێتە دی.

 

هەرێمی كوردستان و عێراق و دەوڵەتانی ئیقلیمی

گوڵان: ئێمە گوێبیستی لێدوانەكەی بەڕێزت بووین بەوەی خۆشحاڵیت نیشاندابوو بە كاندیدكردنی نوری مالیكی لەلایەن تەحالوفی نیشتمانیەوە، ئەمەش وەك هەنگاوێك بۆ خێراكردن و لابردنی ئاستەنگەكانی بەردەم پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق،، ئایا كورد چۆن بەشداری لەپرۆسەی سیاسی دەكات و راوبۆچوونی بەڕێزت لەمباریەوە چۆنە؟

نێچیرڤان بارزانی: هەرێمی كوردستان شاندێكی دانوستاندنی لەهەموو فراكسیۆنە كوردستانیەكان هەیە، رێگه‌پێدراون بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عێراق لە بەغدا، كێشەی ئێمە لەگەڵ بەغدا، كێشەی كوتلەیەكی سیاسی نییە، بەڵكو كێشەی گەل و داواكاری میللەتێكە، كە سەرجەم داواكارییەكانی شاندی كوردستانی بۆ دانوستاندن لەگەڵ بەغدا خراوەتە بەر دەستی هەموو لایەنەكانی بەشدار لە پرۆسەی سیاسی لەبەغدا، بۆیە دیسانەوە تەئكید لەسەر ئەوە دەكەمەوە هەر لایەنێكی سیاسی وەڵامدانەوەی باشتری هەبێت لەگەڵ داواكارییەكانی كورد، ئێمە لەگەڵ ئەو لایەنە هاوپەیمانی دەكەین.

 

گوڵان: واتە ئەو لایەنە هەركەس و لایەنێك بێت؟

نێچیرڤان بارزانی: بەڵێ، ئێمە بەرنامەیەكمان هەیەو بەپێی ئەو بەرنامەو داواكارییانە كەوتووینەتە گفتوگۆكردن لەگەڵ هەموو لایەنە عێراقییەكان، هەر لایەنێكی سیاسی لەعێراقدا ئامادەیی جێبەجێكردنی زیاتری داواكارییەكانی هەرێمی كوردستانی هەبێت، ئێمە لەگەڵ ئەو لایەنە هاوپەیمانێتی دەكەین، لەكۆتاییشدا بڕیاردان لەسەر ئەم مەسەلەیە پێوەندی بەو شاندەوە هەیە كە رێگه‌پێدراوە دانوستاندن بكات، ئەویش شاندی فراكسیۆنە كوردستانییەكانە كە ئێستا زۆر بەجددی لەبەغدا سەرقاڵی گفتوگۆكردنن لەگەڵ هەموو لایەنەكان بۆ یەكلاكردنەوەی هەموو ئەو مەسەلانە.

 

گوڵان: دەڵێن دكتۆر مالیكی ئامادەباشی دەربڕیوە كە ئەو 19 خاڵە پەسەند بكات و گفتوگۆش لەسەر تەواوی داواكارییەكان بكات بەتایبەتی هەندێك لەخاڵەكان، ئایا ئەمە ئەوە دەگەیەنێت كە ئێمە بە بەراورد بە زۆر لایەنی تر لە نوری مالیكی زیاتر نزیكین؟

نێچیرڤان بارزانی: ئەوەی جێگه‌ی خۆشحاڵییە كە هەموو لایەنە سیاسییەكان بەجددی سەرقاڵی گفتوگۆن، ئەمەش واتە وتووێژەكان لەسەر وردەكاریەكانن و مەسەلەكە ئەوەنییە هەر بەدەم لایەنێك رازی بوونی خۆی بۆ 19 خاڵەكەی فراكسیۆنە كوردستانیەكان دەرببڕێت. ئێستا مەسەلەكە گەیشتنە بەرێككەوتن، ئەمە وتووێژێكی زۆری دەوێت، هەر بۆیە ئەوەی جێگه‌ی خۆشحاڵییە هەموو لایەنەكان بەجددی سەرقاڵی گفتوگۆن لەگەڵ شاندی كوردستانی، واتە لەسەر هەموو وردەكاری و یەك بەیەكی خاڵەكان قسەو گفتوگۆ دەكرێت، ئەوەی دەمێنێتەوە مەسەلەی كێ لەئێمە نزیكە، بابڵێین جەنابی سەرۆك وەزیران و كوتلەكەی نوری مالیكی بەشێوەیەكی مەبدەئی رازیبوونی خۆیان راگەیاندووە، بەڵام ئەمە شیكردنەوەو وردەكاری و دانوستاندنی زیاتری دەوێت، من هەموو جارێك دەڵێم جوانترین شت پێی دەڵێن ((دان و ستاندن))، مەسەلەی ئێمەش دانوستاندنە لەگەڵ بەغدا، كە پێویستی بە بەڵگەنامەو چۆنیەتی وردەكاری هەیە، ئەو وردەكارییانە كارو ماندووبونێكی ئێجگار زۆری دەوێت و لەو بڕوایەدا نیم وابەئاسانی بڵێین ئێمە دەگەینە دەرئەنجامێك.

 

 

گوڵان: پێتوانییە لەدوای ئەو نزیكبوونەوەی مالیكی لایەنەكانی تریش دووبار بێنەوە كوردستان و وتووێژ لەسەر ئەو 19 خاڵە دەست پێبكەنەوە؟

نێچیرڤان بارزانی: هەموو لایەنە سیاسییەكان داوای دانوستاندنیان كردووە، ئێمە پێشبینی ئەوە دەكەین لەداهاتوویەكی نزیكدا لایەنی ئەلعێراقیە به‌هەموو پێكهاتەكانیەوە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ جەنابی سەرۆك سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن.

 

گوڵان: تەوەرێكی تر تایبەتە بەپێوەندییە ئیقلیمییەكانی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لەگەڵ توركیاو ئێران، هەتا ئێستا توانراوە پێوەندییەكی زۆر باش لەگەڵ دراوسێكان دروست بكەین، ئێستا ئەم پێوەندیانە لەچ ئاستێكدان؟

نێچیرڤان بارزانی: سیاسەتی پێوەندی باش لەگەڵ دراوسێكانمان لەكارە هەرە سەرەكییەكانی كابینەی پێنجەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە، بەبەردەوامیش لەلایەن سەرۆك مسعود بارزانییەوە تەئكیدی لەسەر كراوەتەوە، پێویستە پێوەندییەكانی هەرێم لەسەر بنەمای رێز و بەرژه‌وەندی هاوبەش لەوپەڕی باشیدابن، ئێستاش ئەو سیاسەتە بەردەوامە. ئەگەر سەیری رابردوو بكەین لەتێڕوانینی كەس دا نەبوو پێوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا بگاتە ئەم ئاستەی ئێستا، توانی بارودۆخی ئاڵۆزی ساڵانی پێشوو تێپەڕێنێت تا گەیشتە ئه‌و ئاسته‌ی توركیا بەفەرمی جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوەت بكات، ئەمەش گۆڕانكارییەكی گەورەیە.

 

گوڵان: ئەم گۆڕانكارییە چۆن بەدیهات؟

نێچیرڤان بارزانی: لەوكاتەی كە گرژی و ئاڵۆزییەكانی نێوان هەرێم و توركیا لەوپەڕیدا بوو، حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەر رۆشنایی و رێنماییەكانی جەنابی سەرۆك بارزانی بەرنامەیەكی بۆ ئیداره‌دانی ئەم تەنگژەیە داڕشت، ئەگەر وانەبووایە بەو شێوەیە بارودۆخەكە هێور نەدەبووەوە، دەزانی ئەوكات گرفتی ئێمە لەگەڵ توركیا چی بوو؟ گرفتەكە ئەوەبوو توركیا بەناوی هەرێمی كوردستان قەڵس بوو، بیانویان بە ئاڵای هەرێمی كوردستان دەگرت، ئەوكات بەهێمنانە و دوور لەچاوی كامێرا گفتوگۆیەكی هێمنانەمان دەستپێكرد و تەئكیدمان لەسەر خاڵە هاوبەشەكان كردەوە نەك خاڵە جیاوازەكان، پێموایە لەو رۆژەوە پێشڤەچوونێكی یەكجار زۆر لەپێوەندی ئێمەو توركیا دەستی پێكرد، بەنیسبەت ئێمە توركیا لەهەموو روویەكەوە وڵاتێكی گرنگەو دەرگای هەرێمی كوردستانە بەرەو رۆژئاوا، لەرووی سیاسیی و ئابووریشەوە بایەخی تایبەتی خۆی هەیە. ئەو ستراتیژییەشی كە دامەزراوە، خۆشبەختانە ئەمڕۆ گۆڕانكاری گەورەی لێكەوتۆتەوە، ئەو شەرەفەم هەبووە كە بەشدار بووم لەو پرۆسەی هێوركردنەوەی بارودۆخی هەرێم لەگەڵ توركیادا، بەرهەمەكەشی ئەوەیە لێكتێگەیشتنێكی هاوبەشی لێكەوتۆتەوە.

 

گوڵان: پێتوایە ئاساییبوونەوەی پێوەندییەكانی هەرێم لەگەڵ توركیا، چ كاریگەری هەبووە لەسەر سیاسەتی كرانەوەی توركیا بەرووی كێشەی كورددا، لەم رووەوە ئێوە چ رۆلێك دەگێڕن؟

نێچیرڤان بارزانی: خاڵی یەكەم: دەمەوێت ئەوە بڵێم، كێشەی كورد كێشەیەكی سیاسییەو پێوەندی بەمیللەتی كوردەوە هەیە.

خاڵی دووەم: بۆچوونی ئێمە وایە كێشەی كورد دەبێت لەچوارچێوەی تایبەتمەندێتی ئەو وڵاتانەی كورد تێیدان، چارەسەر بكرێت.

خاڵی سێیەم: بۆ چارەسەری ئاشتیانەی كێشەی كورد لە توركیا، وەكو چەندین جار جەنابی سەرۆك بارزانی تەئكیدی لەسەر كردۆتەوە ئامادەین بۆچارەسەری كێشەكە رۆڵێكی پۆزەتیڤ ببینین، ئەگەر هەردوولا ئەو رۆڵەی ئێمەیان بە پێویست زانی دەبێتە رۆڵێكی یارمەتیدەر بۆ چارەسەری كێشەكە و هەر بەوبۆنەیەشەوە منیش تەئكید لەسەر ئەو پرانسیپە دەكەمەوە.

 

 

گوڵان: پێتوانییە هەردوولا تورك و كورد زەمینەی پێویستیان بەهاوكاریش ئەوەیە كە بیری خۆیان بگۆڕن بۆ چۆنیەتی ئاشتی، چونكە هەردوولا جۆرێك لە تێڕوانینیان هەیە بۆ تووندڕۆیی، ئەمجارە خۆشحاڵبوویت بەو ئاگر بەستەی پەكەكە رایگەیاند، لەمبارەوە چی دەڵێیت؟

نێچیرڤان بارزانی: ئێمە دەبێت لەهەندێك كاتدا بەواقیعی سەیری كێشەكان بكەین، ئەم مەسەلەیە حەفتا هەشتا ساڵ ماوەتەوە و توركیا ناتوانێت ئینكاری وجودی میللەتێكی گەورەی وەك كورد بكات كە لەناو توركیادا بوونی هەیە، ئەم زەمانە تەواو بووە، لایەنی تریش ناتوانێت مكوڕی لەسەر ئەوە بكات بەخەباتی چەكداری دەتوانێت ئامانجەكان بەدەست بهێنێت، دەبێت هەردوو لا بگەینە ئەو خاڵە كە نەكورد دەتوانێت ئامانجەكان بەچەك بەدەست بهێنێت، نە توركیاش دەتوانێت بەئینكاری لە بوونی كورد وەك میللەتێكی گەورە كێشەكە چارەسەر بكات.

ئێمە هەوڵی لێك نزیكبوونەوەی ئەم دوو بۆچوونە دەدەین، كێشەی پەكەكە بەرێگەی سەربازیی چارەسەر ناكرێت، ئەزموونی ئەم چەند ساڵەی توركیا سەلماندنی ئەگەر بەرێگەی سەربازی كێشەكە چارەسەربكرایە، دەبووایە لەماوەی ئەم سی ساڵەی رابردوو چارەسەر بكرابایە، ئەزموونەكە سەلماندوویەتی كێشەی كورد لەتوركیا بەرێگه‌ی سەربازی چارەسەر نابێت، پەكەكەش دەبێت بگاتە قەناعەتێك كە بەكوشتنی چوار سەربازی تورك ناتوانێت بگاتە ئەو ئامانجانەی كە بەحساب تا ئێستا خەباتی بۆ كردووە، كەواتە لەدەرئەنجام دەبێت وتووێژ و دیالۆگ دەست پێ بكرێت، لایەنی توركی ئەگەر لەو بڕوایەدا بێت بە پەراوێزخستنی پەكەكە مەسەلەكە چارەسەر دەبێت، ئەمە بۆچوونێكی هەڵەیە، بە پەراوێزخستنی پەكەكە لەپرۆسەی سیاسی توركیا كێشەی كوردو توركیاو پەكەكە چارەسەر نابێت. دەبێت پەكەكەش لەم رووەوە رۆڵی هەبێت و سیاسەتێكی وا پەیڕەو بكات كە بە موخاتب وەربگیرێت، دەبێت ئێمە واقیعی بیر بكەینەوە، ئەمە كورتترین رێگه‌یە بۆ چارەسەركردن و دەبێت لەنیوخۆی توركیادا زۆر بەجددی و قووڵی بیری لێبكرێتەوەو پەكەكەش ئاقڵانە رەفتار بكات.

ئێمە پێشتر دڵگران بووین بەوەی پەكەكە شەڕی دەست پێكردەوە، خۆشحاڵیش بووین كاتێك ئاگربەستی راگەیاند، هیوادارین ئەم ئاگربەستەی كە ئێستا راگەیەنراوە، ئاگربەستێكی بەردەوام بێت.

 

 

گوڵان: وەك بۆچوونی شەخسی جەنابتان سەرۆك وەزیرانی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆگان چ ئامادەباشییەكی هەیە لەم بارەیەوە؟

نێچیرڤان بارزانی: ئێمە دەبێ سەیری ئەو كردەوانە بكەین كە جەنابی سەرۆك وەزیرانی توركیا ئەنجامیداوە، باسی ئەوە مەكە سەرۆك وەزیران خراپە یان باشە، سەیری كارەكانی بكە كە لەم ماوەیەدا چی كردووە، ئایا ئەو سیاسەت و كرانەوە و ئەو دەرگایانەی لەبەردەم كورد كرانەوە پێش هاتنی ئەردۆگان هەبوون، با پرسیارێك لە خۆمان بكەین قەت كەسێك بیری لەوە دەكردەوە رۆژێك لە رۆژان حزبێك لە توركیا بێتە سەر دەسەڵات و هەوڵی گۆڕینی چەند ماددەیەكی دەستوور بدات بەرەوكرانەوەو بەكردار بیانگۆڕێ، ئەمە بە نیسبەت توركەكان شتێكی یەكجار گەورە بوو، ئایا ئەمانە بە نیسبەت كێشەی كورد و تەنانەت بۆ دیموكراتیش شتێكی بچووكن؟ بە مەزەندەی من ئەمانە كاری گەورەن، ئێمە بە دەستپێكردنی گۆڕانكاری گەورەی دەبینین، هیوادارین ئەو دەستپێكردنەی لە توركیا كراوە و سەركردایەتی كردنی ئەم پرۆسەیەی كە لەسەر دەستی سەرۆك وەزیرانەوە كراوە، هەر ئەوەندە نەبێت. با ئەمە هەنگاوی یەكەم بێت، بەبۆچوونی ئێمە و بەپێی ئەو قسانەی لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی توركیا كردوومانە، ئەمە هەنگاوی یەكەم و بە تەئكید دوای هەڵبژاردن هەنگاوی جددیتریشی بەدواوە دێت و لەوە دڵنیاین.

 

 

 

پرسیارە گشتییەكان

 

گوڵان: شەهیدی هەمیشە زیندوو ئیدریس بارزانی چەند كاریگەری لەسەر تۆ هەبووە؟

نێچیرڤان بارزانی: بێگومان وەكو باوك كاریگەرییەكی زۆری بەسەر منەوە هەبووە، بەڵام من لە تەمەنێكی زۆر گەنجیدا باوكم لەدەستداوە و ئەویش لە تەمەنێكی زۆر گەنجیدا كۆچی دوایی كرد، لە راستیدا تەمەن رێگه‌ی نەدا ئێمە زیاتر لەو قوتابخانەیە فێر بین، بەڵام بە تەئكید جگە لەوەی وەك باوك ئەو وەكو شەخسیش كاریگەریی هەبووە لەسەر ژیانی من هەر لەو رۆژەوە تا ئێستاش.

 

 

گوڵان: دوای ئەوەی شەهیدی هەمیشە زیندوو ئیدریس بارزانی هەموومانی بەجێهێشت، جەنابی سەرۆك بارزانی تا چەند توانیویەتی ئەم بۆشاییە بۆ نێچیرڤان بارزانی پڕ بكاتەوە؟

نێچیرڤان بارزانی: بە نموونەیەك باس لەو مەسەلەیە دەكەم، جارێكیان هەرسێكمان دانیشتبووین من بووم، جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی بوو لەگەڵ خوالێخۆشبوو باوكم، باوكم دەچوو بۆ شوێنێك لێی پرسیم: لەگەڵ من دەچی یان لەگەڵ مامت؟ گوتم: وەڵڵا من لەگەڵ مامم دەچم، ئینجا رووی لە سەرۆك مسعود بارزانی كرد و فەرمووی: برام ئەوە ناوی منی لەسەرە بە سیفەتی باوك، بەڵام ئەگەر ببیتە هەڵبژاردن لەنێوان من و تۆ، ئەوا بە دڵنیاییەوە پێت دەڵێم تۆ هەڵدەبژێری نەك من. پێوەندیم لەگەڵ مسعود بارزانی نەك بە سیفەتی ئه‌وه‌ی مامە، بەڵكو وەك شەخسیش، جارێ وەكو مرۆڤ زۆر خۆشمویستووە، دووەم وەكو سەركردە قەناعەتم بە بۆچوونەكانی ئەو سەركردەیە هەبووە كە لەژێر ئاڵا و سێبەری ئەودا بتوانم كار بكەم، وەكو مامیش لە رووی سۆز و خۆشەویستییەوە دەتوانم بڵێم بە زیادەوە ئەو بۆشاییەی پڕ كردۆتەوە كە باوكم بەجێی هێشتبوو، بۆیە پێوەندی من لەگەڵ سەرۆك مسعود بارزانی لە سێ لاوە خۆی دەبینێتەوە، پێوەندی مام و برازایە، پێوەندی سەركردەیەكە لەگەڵ كەسێك كە باوەڕی بەم سەركردەیە هەیە، وەكو مرۆڤیش خۆشمدەوێ.

 

 

گوڵان: حەز دەكەین بزانین لە هەرەتی لاوێتیدا ئاراستەی سیاسی تۆ چی بووە و ئایا رای شەهیدی هەمیشە زیندوو ئیدریس بارزانی لەسەر ئەو ئاراستەیەی تۆ چۆن بوو؟

نێچیرڤان بارزانی: با بە راشكاوانە بڵێم من لە گەنجێتیدا هەندێك برادەرم هەبوون ئاراستەیان چەپ بوو، لەوانە خوالێخۆشبوو حاجی عەبدولرەحمان كە شەهید بوو، نیاز لاجانی بەڕێوەبەری كەناڵی زاگرۆس، خۆشەوی مەلا ئیبراهیم كە ئێستاش لە مۆسكۆیە، زۆریش مەشغوڵ دەبووم بە خوێندنەوەی كتێب دەربارەی فكری چەپ، بەڵام راستییەك هەیە ئەویش ئەوەیە باوكم لەگەڵ ئەو ئاراستەیە نەبوو، بەڵام موناقەشەی لەگەڵدا دەكردم و هەوڵی دەدا تێمبگەیەنێت كە ئەمە راست نییە و لە راستیدا ئەو باوەڕی بەو فكرەیە نەبوو، بۆ ئەوه‌ی زۆر نەكەومە ژێر كاریگەری ئەو فكرەیە، دوو كەسی راسپارد بۆ ئەوەی كار لەگەڵ مندا بكەن، ئەوانیش شەهید فەتاح ئاغا و، شەهید فرانسۆ هەریری بوون كەهەندێ جار شەهید فرانسۆ رۆڵی چاودێریشی بەسەرمەوە دەبینی، بۆ نموونە كە دادەنیشتین و كۆبوونەوەمان ئەنجام دەدا، ئەویش دەهات لە كۆبوونەوەكان دادەنیشت بۆ ئەوەی لێمان تێك بدات و بزانێت چی دەكەین، جگە لەمانە هەمیشە موناقەشەی فكریمان دەبوو و پرسیارم لە باوكم دەكرد.

 

 

گوڵان: ئێستاش خەڵك نێچیرڤان بارزانی بە سەركردەیەكی لاو وەسف دەكەن، كە پێت دەڵێن سەركردەی لاو هەست بەچی دەكەیت؟

نێچیرڤان بارزانی: پێموایە من لەوە دەرچووم و پیر بووم و شەرەفێكی گەورەیە ئەگەر لەبەر رووخسار پێم دەڵێن، ئەوا سوپاسیان دەكەم، ئەگەر لەبەر ئەوەش وادەڵێن بیركردنەوەم گەنجانەیە، هەر تەنیا من وانیم، هەندێك كەس هەن لە سەركردایەتی ئێمە كە بە تەمەن پیریش بوونە، بەڵام تا ئێستاش تێڕوانینەكانیان گەنجانەیە، منیش یەكێكم لەوانەی تێڕوانینەكانم گەنجانەیە و باوەڕم بەوە هەیە كە دەبێ گەنجەكان رۆڵی خۆیان ببینن و بێنە ناو پرۆسەكە و بە جددی هەوڵی بۆ بدەن، بەتێڕوانینی من مەسەلەی گەنجێتی ئینتیمایە بۆ نیشتمان، دەبێ هەوڵ بدرێت گەنجەكان وەلائیان هەبێت بۆ ئەو دەستكەوتانەی كوردستان و ئەم بارودۆخەی ئێستا لە كوردستان هاتۆتە ئاراوە و هەمیشە هەوڵی بەرەوپێش بردنیان بدات. هەر بۆیەش بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو كەموكورتیانەی لەبارودۆخی كوردستان هەیە، پێویستیمان بەپشتگیری گەلی كوردستان و گەنجان هەیە.

 

 

گوڵان: هۆكاری ئەو گەنجێتییە بەردەوامەی تۆ هی ئەوە نییە كە وەرزش دەكەی؟

نێچیرڤان بارزانی: بەو شێوەیەش پیر نیم، بەڵام وەرزش دەكەم، راهێنەرێكی وەرزشیم هەیە و بەبەردەوامی بەیانیان وەرزش دەكەم، ئارەزووی بە چیاهەڵگەران دەكەم و زۆرجار حەزم لێبووە چەند شەوێك لەچیا بمێنمەوە، ئێستا یاری تێنسیش دەكەم.

 

 

گوڵان: خەڵك وا باس دەكەن كە نێچیرڤان بارزانی لە كاروباری سیاسی و ئیداریدا بڕیاری خێرا و بوێرانە دەدات، ئایا تا چەند سوودت لەو خێرایی و بوێریە بینیوە و تا چەندیش لێیان پەشیمانی؟

نێچیرڤان بارزانی: ئەو مرۆڤەی كارنەكات هەڵەی نابێت، تا ئەو شوێنەی لە توانامدایە هەوڵ دەدەم بڕیارەكانم بە راوێژ كردن و بە دیراسەت كردنێكی تەواوەوه‌ بدەم، نەك بڕیارێكی بەپەلە بدەم و دواتر كێشەی لەسەر دروست بێت، هەندێك جار بڕیاری بە پەلەشم داوە، ئەو بڕیارە بە پەلانە هەندێك جار هەڵە بوون و هەندێك جاریش راست بوون، ئەوانەی كە هەڵە بوون لێیان پەشیمانم و ئەوانەی كە راستیش بوون، پێان خۆشحاڵ بووم.

 

 

گوڵان: حەز دەكەین بزانین چەند منداڵت هەیە و چۆن بایەخیان پێدەدەی؟

نێچیرڤان بارزانی: چوار منداڵم هەیە، دوو كوڕ و دوو كچ، كوڕە گەورەكەم ناوی (ئیدریس)ە بە باوكم ناونراوە، لە راستیدا سەرۆك مسعود بارزانی ناوی ناوە ئیدریس، كچی دووەمم ناوی (رانیە)یە كە دەروازەی راپەڕینیشە، دوای ئەو كوڕێكم هەیە ناوی (چیاڤان)ە كە ئەمە خۆم ناوم ناوە بۆ ئەوەی ناوەكەی لەهی خۆم نزیك بێت، دوای ئەو كچێكی تریشم هەیە ناوی (مایا)یە، ئەم دووانە بچووكن دوو ساڵ و سێ ساڵن، بەڵام ئەوانی تر گەورەن 13 ساڵ و 12 ساڵن، بەڵام كە پێی بڵێی 13 ساڵی ئەو یەكسەر دەڵێ 14 ساڵم، سەرەڕای سەرقاڵیم هەوڵ دەدەم كات بۆ ئەوانیش تەرخان بكەم بەتایبەتی بچووكەكان زۆر لە منەوە نزیكن لە زۆر شت یارمەتی دایكیان دەدەم وەك قسە كردن لەگەڵیان، كاروباری تایبەت بەخۆیان، هەوڵ دەدەم كەم یان زۆر هاوكاری بكەم. .