2010-10-13 07:36:57

خۆرئاواو باكوور، له‌ناله‌باریدا ده‌ژی‌، ڕۆژانه‌ هه‌وڵه‌كان بۆ له‌ناوبردنی‌ به‌رده‌وامه‌، هه‌موو ڕێگایه‌ك ده‌گیررێته‌به‌ر ته‌نها له‌پێناوی‌ پوكانه‌وه‌‌و دامركاندنه‌وه‌یدا، له‌خوێندنگه‌‌و ناوه‌نده‌ ئه‌كادیمییه‌كانی‌ وڵاتانی‌ سه‌رده‌سته‌دا هه‌میشه‌ پیلانگێڕیی دژی‌ زمانی‌ كوردی‌‌و په‌راوێزخستنی‌، یه‌كێكه‌ له‌هه‌وڵه‌ به‌رنامه‌ بۆ داڕێژراوه‌كان، له‌به‌رامبه‌ردا هه‌ر ئه‌و وڵاته‌ سه‌رده‌ستانه‌، واته‌ توركیا‌و ئێران‌و سوریا، مۆڵه‌تیان به‌هه‌زاران ناوه‌ندی‌ فێركردنی‌ زمانه‌ بیانییه‌كان داوه‌‌و ڕۆژانه‌ لاوه‌كانیان بڕێك پاره‌ بۆ فێربوونی‌ ئه‌و زمانانه‌ ته‌رخان ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌یان مافی‌ خۆیانه‌‌و كێشه‌ی‌ ئێمه‌ نییه‌، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه‌، بۆ كورد نه‌هه‌لی‌ ئه‌وه‌یان پێدراوه‌ بتوانن زمانی‌ بیانی‌ فێرببن، چونكه‌ توانای‌ فێربوونی‌ زمانه‌ بیانییه‌كان بۆ لاوانی‌ كورد، په‌یوه‌سته‌ به‌دابینكردنی‌ مافه‌ مه‌ده‌نییه‌كان‌و بوونی‌ توانایه‌كی‌ ئابووری‌ پێویست‌و ئازادییه‌وه‌، كه‌ لاوانی‌ كورد له‌و وڵاته‌ سه‌رده‌ستانه‌ پێیاننه‌دراوه‌، نه‌ ده‌توانن زمانی‌ دایكیی خۆیان به‌ده‌ستبهێنن.

 

لێره‌دا ده‌بێت وڵاتانی‌ سه‌رده‌سته‌ (وڵاتانی‌ داگیرگه‌ری‌ كوردستان)، بخرێنه‌ به‌رده‌م پرسیارێكه‌وه‌، ئایا ئه‌وان به‌ڕاست له‌زمانی‌ كوردی‌‌و گه‌شه‌‌و په‌ره‌سه‌ندنی‌ ئه‌م زمانه‌ ده‌ترسن، به‌ڕاست ئه‌م زمانه‌ ده‌توانێت به‌ماوه‌یه‌كی‌ كه‌م ببێته‌ ئه‌و هۆكاره‌ی‌ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ئاسایشی‌ ئه‌وان بكات، یان نه‌خێر ئه‌وان له‌بنه‌ڕه‌تدا باوه‌ڕیان به‌بوونی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد یان به‌بوونی‌ ئازادی‌‌و جوڵه‌ی‌ ئازادانه‌ نییه‌، ئه‌ی‌ كه‌وایه‌ بۆچی‌ ده‌بێت وڵاتێكی‌ وه‌كو توركیا سیخناخ بێت له‌ناوه‌ند‌و فێرگه‌ی‌ زمانه‌ بیانییه‌كان، به‌ڵام له‌باره‌ی‌ زمانی‌ كوردییه‌وه‌ هه‌موو ڕێوشوێنێك بگیررێته‌به‌ر، بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و زمانه‌ نه‌توانێت گه‌شه‌ بكات.

 

لێره‌دا‌و له‌مامه‌ڵه‌ی‌ وڵاتانی‌ سه‌رده‌سته‌دا هه‌ست به‌بوونی‌ دووڕووییه‌كی‌ زه‌ق ده‌كرێت، له‌و ڕووه‌وه‌ كه‌ ئه‌و وڵاتانه‌ خۆیانیان نیگه‌ران كردووه‌‌و هه‌موو كۆت‌و به‌ندێكیان له‌سه‌ر زمانی‌ كوردی‌ داناوه‌، گوایا ئاسایشی‌ زمان‌و نه‌ته‌وه‌‌و خاك‌و كۆمه‌ڵگه‌یان ده‌كه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌، هه‌زاران ناوه‌ندی‌ فێركردنی‌ زمانه‌ بیانییه‌كانیان كردووه‌ته‌وه‌، كه‌چی‌ به‌مه‌ترسی‌ بۆ سه‌ر ئاسایشی‌ زمانی‌ نازانن، له‌كاتێكدا ڕه‌نگه‌ تا لاوێكی‌ كورد په‌نا ده‌باته‌ به‌ر زمانی‌ دایك‌و خۆی‌ فێرده‌كات به‌باشی‌، سه‌دان لاوی‌ تورك یان فارس‌و عه‌ره‌ب، بڕێكی‌ زۆر پاره‌ بۆ فێربوونی‌ زمانێكی‌ بیانی‌ ته‌رخان بكه‌ن.

 

واده‌رده‌كه‌وێت ترسی‌ ئه‌و وڵاتانه‌ زمانی‌ كوردی‌ نه‌بێت، به‌ڵكو دامركاندنه‌وه‌ی‌ زمانی‌ كوردی‌ بۆ ئه‌وان، به‌شێك بێت له‌پیلانی‌ له‌ناوبردنی‌ یه‌كجاره‌كی‌ كورد، له‌وه‌شدا هه‌نگاوی‌ یه‌كه‌میان به‌هێرشێكی‌ مه‌عنه‌ویی‌ ده‌ستپێكردووه‌‌و وه‌كو هه‌میشه‌ دواتر له‌هێرشێكی‌ جه‌سته‌ییدا، ده‌گاته‌ لوتكه‌.

 

ئه‌و وڵاته‌ ئیسلامییانه‌ی‌ كوردی‌ به‌سه‌ردا دابه‌شكراوه‌، هه‌موو بابه‌ت‌و ڕووداوه‌ جیهانییه‌كان ده‌خه‌نه‌ چوارچێوه‌ی‌ گوتار‌و ڕوانگه‌یه‌كی‌ ئیسلامییانه‌وه‌، تا ده‌گاته‌ ئه‌و كاته‌ی‌ دێته‌ سه‌ر كورد، لێره‌دا بێده‌نگ ده‌بن‌و ئاراسته‌كه‌ی‌ ده‌گۆڕن، ئه‌گینا زمانی‌ كوردی‌ وه‌كو هه‌موو زمانه‌كان، خوا به‌نه‌ته‌وه‌ی‌ كوردی‌ داوه‌، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ زمانی‌ كورده‌، وڵاتانی‌ سه‌رده‌سته‌ ئه‌و كوفره‌ ده‌كه‌ن‌و باوه‌ڕی‌ پێناهێنن.

 

NNA