2010-12-05 07:36:18

بیسه‌ر، هه‌ر بۆیه‌ به‌پێویستده‌زانرێت له‌ئێستادا میدیای‌ كوردی‌ ڕۆڵی‌ زیاتر له‌گواستنه‌وه‌ی‌ ڕووداوه‌كانی‌ به‌غدادا بگێڕێت، چونكه‌ وه‌ك ئاماژه‌ده‌كرێت، زۆربه‌ی‌ ڕووداوه‌كانی به‌غدا، كاریگه‌رییان له‌سه‌ر هه‌رێم‌و دواڕۆژی‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسی له‌كوردستاندا ده‌بێت.

 

(بورهان محه‌مه‌د فه‌ره‌ج) ئه‌ندامی‌ لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ كوردستان له‌په‌رله‌مانی‌ عێراق ڕوونيكرده‌وه‌، ڕۆڵی‌ میدیای‌ كوردی‌ له‌ناو په‌رله‌مانی‌ عێراقدا به‌گوێره‌ی‌ پێویست نییه‌‌و په‌رله‌مانی‌ عێراق زیاتر میدیای عه‌ره‌بی‌و عێراقییه‌كان گرنگی‌ پێده‌ده‌ن.

 

باسی‌ له‌وه‌شكرد، میدیای‌ كوردی‌ ڕۆڵی‌ گرنگ نابینێت له‌به‌غداو زیاتر سه‌رقاڵی‌ ڕووداوه‌كانی‌ نێو هه‌رێمی‌ كوردستانن، ئه‌وه‌ش واده‌كات ئه‌و باڵانسه‌ی‌ له‌میدیاكاندا بێت به‌لای‌ میدیای‌ عه‌ره‌بیدا پارسه‌نگ بێت‌و هه‌رچییان بوێت به‌ئاره‌زووی‌ خۆیان ڕۆڵ ببینن‌و ده‌توانن "مێشێكمان لێ بكه‌ن به‌گامێشێك"، هه‌ربۆیه‌ هیوایخواست میدیای‌ كوردی‌ بوونی‌ خۆی له‌به‌غدا بسه‌لمێنێت.

 

ئه‌ندامه‌كه‌ی‌ لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ كوردستان ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد، له‌په‌رله‌مانی‌ عێراقدا هۆڵێكی‌ ڕاگه‌یاندنی‌ گه‌وره‌ هه‌یه‌، كه‌ زۆرێك له‌ڕادیۆ، ته‌له‌فزیۆن، ڕۆژنامه‌‌و ئاژانسه‌كانی‌ تێدایه‌‌و میدیای‌ كوردیشی تێدایه‌، به‌ڵام وه‌ك پێویست نییه‌، هه‌ربۆیه‌ "هیوادارم میدیای‌ كوردی‌ ئه‌و ڕۆڵه‌ زیاتر ببینێت، بۆ ئه‌وه‌ی‌ واقعی‌ ناو په‌رله‌مانی‌ عێراق بۆ هاوڵاتییانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بگوازێته‌وه‌".

 

له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌، (شۆڕش حاجی‌) سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان له‌په‌رله‌مانی‌ عێراق ڕايگه‌یاند، میدیای‌ كوردی‌ به‌بیستراوو بینراوه‌وه‌ وه‌ك پێویست بایه‌خی به‌ڕووداوه‌كانی‌ به‌غدا نه‌داوه‌‌و بوونیشی له‌كاتی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ ڕووداوه‌كان‌و قسه‌كردن له‌گه‌ڵ لێپرسراوه‌ عێراقییه‌كان له‌ئاست پێویستدا نه‌بووه‌، ئه‌ویش به‌وته‌ی‌ ناوبراو، ڕه‌نگه‌ له‌و ڕووانگه‌یه‌وه‌ بێت كه‌ بۆچوونیان وایه‌، ڕووداوه‌كانی‌ به‌غدا زۆر كاریگه‌رییان له‌سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان نییه‌.

 

حاجی‌ به‌پێویستی‌ زانی‌، میدیای‌ كوردی‌ بایه‌خی‌ زیاتر به‌ڕووداوه‌كانی‌ به‌غدا بدات، چونكه‌ وه‌ك ئه‌و ئاماژه‌ی‌ پێدا، زۆربه‌ی‌ ڕووداوه‌كانی‌ به‌غدا كاریگه‌رییان له‌سه‌ر هه‌رێم‌و خه‌ڵكی‌ كوردستان‌و دواڕۆژی‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسی له‌كوردستاندا ده‌بێت.

 

سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان له‌په‌رله‌مانی‌ عێراق وتیشی‌:"پێویسته‌ میدیای‌ كوردی‌ قسه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌دا بكات له‌به‌غدا، كه‌ بڕیار به‌ده‌ستن‌و به‌شدارن له‌داڕشتنی‌ نه‌خشه‌ی‌ سیاسی له‌عێراقدا، چونكه‌ هه‌موو نه‌خشه‌یه‌كی‌ سیاسی له‌عێراقی ئاینده‌دا، كاریگه‌ری‌ خۆی‌و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر پرۆسه‌ی‌ سیاسی له‌هه‌رێمی‌ كوردستاندا ده‌بێت".

هاوكات (عارف قوربانی‌) سه‌رنووسه‌ری‌ ڕۆژنامه‌ی‌ ئاسۆ ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، میدیای‌ كوردی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ له‌ئاستی‌ كێشه‌كانی‌ عێراقدا غائیبه‌.

 

وتیشی‌:"بۆچوونم وایه‌ كه‌مترین ده‌زگای‌ ڕاگه‌یاندنی‌ كوردی‌ بوونی هه‌بێت له‌به‌غدا، ڕه‌نگه‌ هه‌ندێك ده‌زگا نووسینگه‌‌و په‌یامنێریشی‌ نه‌بێت له‌و شاره‌، ئه‌وه‌ش یه‌كێكه‌ له‌و گرفتانه‌ی‌ كه‌ به‌میدیای‌ كوردییه‌وه‌ له‌دوای‌ پرۆسه‌ی‌ ئازادییه‌وه‌ ڕه‌نگیداوه‌ته‌وه‌‌و به‌ئاشكرا هه‌ستی‌ پێده‌كرێت".

 

سه‌رنووسه‌ری‌ ڕۆژنامه‌ی‌ ئاسۆ هێمای‌ به‌وه‌شكرد، له‌ئێستادا كاتی‌ ئه‌وه‌ هاتووه‌ ئه‌و حزبانه‌ی‌ ئیمكانییه‌تییان هه‌یه‌ یه‌ك دوو ده‌زگای‌ ڕاگه‌یاندنی‌ خۆیان به‌رنه‌ به‌غدا.

 

پرۆسه‌ی‌ سیاسی عێراق له‌ئێستادا بووه‌ته‌ جێگه‌ی‌ بایه‌خی‌ سه‌رجه‌م میدیا عه‌ره‌بی‌‌و جیهانییه‌كان‌و گرنگییه‌كی‌ به‌رچاوی‌ پێده‌درێت، چونكه‌ حكومه‌تی‌ عێراق له‌دوای‌ زیاتر له‌هه‌شت مانگ له‌هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی‌ عێراق بڕیاری‌ پێكهێنانی‌ دراوه‌و له‌ئێستاشدا مشتوومڕی‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی‌ پۆسته‌ وزارییه‌كان بووه‌ته‌ باسی‌ میدیاكان‌و میدیای‌ كوریش له‌و ناوه‌نده‌دا وه‌ك ده‌وترێت، ڕۆڵێكی‌ ئه‌وتۆ ناگێڕێت له‌گواستنه‌وه‌ی‌ دواگۆڕانكارییه‌كانی‌ به‌غدا، هه‌ربۆیه‌ ڕاگه‌یه‌ندكاران‌و چاودێرانی‌ سیاسی به‌پێویستی‌ ده‌زانن، میدیای‌ كوردیش وه‌ك میدیا عه‌ره‌بی‌‌و جیهانییه‌كان بچێته‌ كێبڕكێی گواستنه‌وه‌ی‌ ڕووداوه‌كانی‌ به‌غدا.

 



ئاژانسی هه‌واڵی ناوخۆ