2010-04-22 10:05:09

عیراقیش ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ هه‌فته‌ی‌ داهاتوو دووكه‌ڵی‌ گڕكانه‌كه‌ ته‌واوی‌ ئاسمانی‌ عیراق ده‌گرێته‌وه‌ و چه‌ند ڕۆژێكیش به‌رده‌وام ده‌بێت، دوێنێش گه‌شتی ئاسمانی كوردستان - ئه‌وروپا ده‌ستیپێكرده‌وه‌.

نه‌رمین عوسمان وه‌زیری‌ ژینگه‌ی‌ عیراق ڕايگه‌یاند؛ "به‌پێی‌ ئه‌و ڕێژه‌ خێراییه‌ی‌ دانراوه‌، هه‌فته‌ی‌ داهاتوو دووكه‌ڵه‌كه‌ ده‌گاته‌ ئاسمانی‌ عیراق، به‌ڵام به‌پێی‌ لێكدانه‌وه‌ زانستییه‌كان كاریگه‌رییه‌كی‌ زۆر به‌هێزی‌ بۆ دانیشتوانی‌ عیراق نابێت و له‌ڕووی‌ ته‌ندروستیشه‌وه‌ مه‌ترسی‌ نابێت، به‌ڵام ڕه‌نگه‌ كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر گه‌شته‌ فڕۆكه‌وانیه‌كان هه‌بێت، چونكه‌ دووكه‌ڵه‌كه‌ ورده‌ به‌رد و شووشه‌ی‌ له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌ڵگرتووه‌ و ده‌چێته‌ ناو په‌روانه‌ی‌ فڕۆكه‌كانه‌وه‌ و كاریگه‌ری له‌سه‌ر گۆڕانی‌ كه‌شوهه‌وا ده‌بێت، به‌ڵام زۆر له‌ هه‌وادا نامێنێته‌وه‌.

ئه‌وه‌شی‌ وه‌بیرهێنایه‌وه‌ كه‌ پێشتریش ئه‌م گڕكانانه‌ له‌ ئایسلاند به‌رده‌وام بووه‌، به‌ڵام به‌هۆی‌ زۆری‌ به‌فر و سه‌هۆڵبه‌ندانه‌وه‌ شاراوه‌ بووه‌، ئێستا كه‌ به‌فره‌كه‌ تواوه‌ته‌وه‌ بۆیه‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ ئاسانتر بووه‌.

به‌دووریشی‌ زانی‌ دووكه‌ڵی‌ گڕكانی‌ دووه‌م به‌و شێوه‌یه‌ی‌ یه‌كه‌م بێت، چونكه‌ زۆرینه‌ی‌ دووكه‌ڵه‌كه‌ له‌ گڕكانی‌ یه‌كه‌مه‌وه‌ ده‌ردراوه‌ و گڕكانی‌ دووه‌م زیاتر گڕ ده‌رده‌دات.

لای‌ خۆیشیه‌وه‌ د.خاڵس قادر به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ڕاگه‌یاندنی‌ وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ڕايگه‌یاند؛ "ئه‌و دووكه‌ڵه‌ی‌ كه‌ هه‌فته‌ی‌ داهاتوو ده‌گاته‌ عیراق ‌و پێده‌چێت هه‌رێمی‌ كوردستانیش بگرێته‌وه‌، مه‌ترسی‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ هه‌یه‌ كه‌ نه‌خۆشی‌ كۆئه‌ندامی‌ هه‌ناسه‌دان ‌و ڕه‌بۆ و نه‌خۆشی‌ سوڕی‌ خوێن و دڵیان هه‌یه‌ و پێویسته‌ له‌و ڕۆژانه‌ی‌ كه‌ دووكه‌ڵه‌كه‌ ده‌گاته‌ هه‌رێم، كه‌متر بچنه‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌گه‌ر چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌مامك به‌كاربهێنن.

وتیشی‌: "ئه‌گه‌ر دووكه‌ڵه‌كه‌ گه‌یشته‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و به‌شێوه‌یه‌كی‌ چڕ ماوه‌ی‌ چه‌ند ڕۆژێك مایه‌وه‌، كاریگه‌ری‌ زۆری‌ ده‌بێت بۆ سه‌ر ته‌ندروستی‌ هاوڵاتیان و له‌و حاڵه‌ته‌شدا وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ ڕێنمایی‌ تایبه‌ت به‌ خۆپاراستنی‌ هاوڵاتیان بڵاوده‌كاته‌وه‌ و هه‌ر كه‌سێكیش هه‌ستی‌ به‌ هه‌ناسه‌ توندی‌ كرد، ده‌بێت به‌ زووترین كات سه‌ردانی‌ بنكه‌ی‌ ته‌ندروستی‌ بكه‌ن".

هاوپه‌یوه‌ند به‌ گڕكانه‌كه‌وه‌ و پاش ڕاگرتنی‌ گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ڕووی‌ وڵاتانی‌ ئه‌وروپادا، یه‌كه‌م گه‌شتی‌ فڕۆكه‌وانی‌ بۆ وڵاتانی‌ ئه‌وروپا ده‌ستی‌ پێكرده‌وه‌.

تاهیر عه‌بدوڵڵا به‌ڕێوه‌به‌ری‌ فڕۆكه‌خانه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ سلێمانی‌ ڕايگه‌یاند؛ "پاش ڕاگرتنی‌ گه‌شته‌كانمان بۆ وڵاتانی‌ ئه‌وروپا شه‌وی‌ (21-22/4) یه‌كه‌مین گه‌شتمان بۆ وڵاتانی‌ ئه‌وروپا ده‌ستپێكرد به‌تایبه‌ت بۆ وڵاتانی‌ سوید و یۆنان و به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌.

وتیشی‌: "ڕاگرتنی‌ گه‌شته‌كانمان بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ له‌سه‌ر بڕیاری‌ خۆمان نه‌بووه‌، به‌ڵكو هۆكاره‌كه‌ سروشتی‌ بووه‌".

 

هه‌ستیار، ئیسماعیل حه‌مه‌ڕه‌حیم