2009-11-23 13:56:08

كه‌شه‌نگه‌ بییه‌ك پرچی به‌مێخێكه‌وه‌ ده‌رِوێنن،

ئه‌وه‌ به‌دحاڵیبوونی عه‌شقێكه‌

مل ده‌نێ بۆ ئاستانه‌ی هه‌راجخانه‌..

كه‌چاوی كانیله‌یه‌ك به‌تاریكیه‌وه‌ ده‌به‌ستن،

ئه‌وه‌ مناڵێكی نابینایه‌

به‌هانه‌یه‌كی زه‌یته‌ڵی ته‌رح ناكه‌ن،

بۆ گرتنی په‌پووله‌ پایزه‌یه‌ك،

له‌باخچه‌یه‌كی شێتۆكه‌!!

ئه‌مانه‌ هه‌موو قرِكردنی نه‌سلی ئه‌وینه‌،

یا ئیفلاسبوونی هۆشه‌ به‌ئه‌وین؟!

من زه‌ینم پێوه‌ ئه‌درێ..

كه‌ئه‌وین سه‌فه‌ری كرد،

سبه‌ینێ بازنه‌یه‌كی به‌تاڵه‌ به‌به‌خته‌وه‌ری

كه‌ئه‌وین له‌خه‌یاڵدا مایه‌پووچ بووشه‌وه‌زه‌نگ حه‌زده‌كا،

ئه‌ستێره‌ زیندانكا

(با) سه‌رێ نادا له‌باخی مانگه‌شه‌و

باران بیر له‌شكۆفه‌یه‌ك ناكاته‌وه‌،

ته‌رمی له‌هه‌ناسه‌یا بنێژێ..

شه‌ریعه‌تی كات سه‌ری لێ تێك ئه‌چێ،

له‌ماڵه‌كانی حه‌قیقه‌ت بپرسێ

شه‌و شپرزه‌ ده‌بێ

پێڵاوه‌كانی به‌تریفه‌وه‌ بۆیاخكا

هه‌نار نازانێ خه‌ڵكی چ وه‌رزێكه‌،

غه‌زه‌ل له‌هزریا له‌بارئه‌چێ..!

* * *

من زه‌ینم پێوه‌ئه‌درێ

ئه‌و وه‌خته‌ی كۆدی جوانناسی،

له‌لام ده‌بێته‌ هه‌یبه‌تی ورِێنه‌و

فنجانێكی لاڵ

له‌فنجانێكا چی بخوێنمه‌وه‌،

كه‌كاتێك قوتویه‌ك قومری و كه‌ناری،

له‌گیرفانی كراسه‌كانیانا،قولڕتر

ده‌خنكێن

كۆدی جوانناسی چیه‌؟!

كه‌كاتێك چڵه‌ گیایه‌ك له‌چكه‌كه‌ی،

پرِده‌كه‌ن له‌پژمه‌ی پیاوێكی پیر..

هه‌یبه‌تی چ ورِێنه‌یه‌كه‌،

كه‌كاتێك باڵنده‌یه‌ك فرِینی میقات ده‌كه‌ن،

له‌غوبارو لم..

مه‌رحه‌مه‌تی جوانناسی له‌كوێدایه‌؟

كه‌كاتێك موحیبه‌ت پرته‌قاڵێكی باغه‌ییه‌،

مه‌حاڵه‌ له‌زه‌تی راوكرێ..!

من زه‌ینم پێوه‌ئه‌درێ..

وه‌لێ گه‌ره‌كمه‌ پیاوێك،

له‌قه‌له‌قی چاوه‌كانما بكوژێنمه‌وه‌..

ئه‌و پیاوه‌ی مناڵی له‌جانتای خه‌یاڵدا راخست و

كۆڵانی له‌پاپوچه‌كانما روواند

ئه‌وكاته‌ی زاهیدێك بووم و

له‌هه‌ر پێچی زیكرێكدا،

گوناهێكم فرِێ ئه‌دا

كه‌ته‌ماشام به‌ردایه‌وه‌،

ئه‌و پیاده‌ ده‌بوو به‌مشتومرِی په‌روانه‌یه‌ك،

هه‌تا ته‌نیایی بكێشێ به‌شوعله‌ی عیشقه‌وه‌..

ئه‌و پیاده‌ ده‌بوو به‌فرِینی كۆلاره‌یه‌ك،

هه‌تا له‌سه‌ر باڵی ده‌زووله‌یه‌كی هاروهاجه‌وه‌

مناڵی بگه‌یه‌نێ به‌حه‌وشه‌ی ئاسمانه‌وه‌!!

ه‌جاڵه‌ته‌ وتن، شه‌رمه‌زاره‌ وتن..

ئێمه‌ بۆ موحیبه‌تێك بگه‌رِێین،

بۆئه‌وه‌ی له‌شه‌رِی ته‌نهایی رزگاربین..

خودایه‌ من زه‌ینم پێوه‌ئه‌درێ

تا ئه‌وپه‌رِی به‌رزه‌خ زیكرم ده‌كوژێته‌وه‌

له‌درۆی پیاوێك كه‌ده‌ڵێ: كه‌توحفه‌ی خه‌یاڵ و فه‌نتازیا

تۆی پێ ناساندم

رۆژێكی نوێ، نۆژه‌ن له‌ته‌مه‌نم ته‌ونه‌كا

گزنگ قۆپچه‌كانی ریشم ده‌كاته‌وه‌،

به‌یانیه‌ له‌پێكه‌وتووه‌كانم،

بۆڵه‌و بالۆره‌ی دارشه‌قه‌كان تورِئه‌دا

من له‌زه‌مه‌نێكی ساخته‌چیا رواوم

گه‌ر بێیته‌ ناو به‌فری هه‌ناسه‌كانمه‌وه‌،

ریشۆڵه‌ له‌نگه‌كانی عومرم،

له‌زوڵمه‌ته‌وه‌ پێده‌گرن!

خه‌جاڵه‌ وتن، شه‌رمه‌زاره‌ وتن

پیاوێك هه‌میشه‌ شه‌رِ له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌كات و

به‌دۆرِان ده‌گه‌رِێته‌وه‌

پیاوێك له‌فه‌توا تاریكه‌كانی ته‌مه‌نیدا،

به‌من ده‌ڵێ: ده‌تخه‌مه‌ سه‌ر هه‌گبه‌ی هه‌نگاوه‌كانم و

مناڵی پێده‌كه‌م و له‌سه‌ر باڵی ئێواره‌یه‌كی په‌مه‌ییا

پلیكانه‌ی خه‌یاڵ به‌كرێ ده‌گرم

ئاسمان دائه‌به‌زێنم،

به‌ئه‌ستێره‌ قژت دائه‌هێنم،

مانگ له‌باخی كراسه‌كه‌تدا ده‌رِوێنم!!

* * *

جه‌خار من ته‌رجه‌مه‌ی پیاوێكم كرد،

هه‌رچی نه‌ورِه‌سی وتن هه‌بوو

له‌ده‌ریای ته‌ریقه‌تیا وه‌ریبوو

غه‌فڵه‌تگیربووم له‌ئاستیا زه‌ینم كوژایه‌وه‌

موراجه‌عه‌ی هه‌موو ته‌یره‌كانم كرد،

هه‌ر له‌شه‌قژنی بولبوله‌وه‌، تا قریوه‌ی قازو قوڵنگ،

تا بنه‌ماڵه‌ی چۆله‌كه‌

بۆئه‌وه‌ی عه‌سره‌ قه‌له‌نده‌ره‌كانی،

پرِكه‌م له‌باخی جریوه‌..!

موراجه‌عه‌ی هه‌موو سه‌وزایم كرد،

هه‌ر له‌ترۆپكی دره‌خته‌وه‌، تا نه‌شئه‌ چاوشینه‌كانی چیمه‌ن،

تا جنسی گیا

بۆئه‌وه‌ی نیوه‌رۆ داخه‌كانی،

پرِكه‌م له‌داوی گه‌رما

موراجه‌عه‌ی هه‌موو ئه‌و زه‌مبیلانه‌م كرد،

كه‌پرِبوون له‌ئاوه‌دانی میوه‌،

هه‌ر له‌ستیانه‌ سووره‌كانی سێوه‌وه‌،

تا سه‌رپۆشه‌ گوڵ، گوڵیه‌كه‌ی هه‌رمێ،

تا ژێركراسه‌ مزره‌كه‌ی هه‌ڵوژه‌..

بۆئه‌وه‌ی له‌شه‌وه‌ مه‌سته‌كانیا،

پێكێك له‌باخچه‌ گوزه‌ربكا..!

مه‌خابن تا ئه‌وپه‌رِی ته‌نهایی زه‌ینم كوژایه‌وه‌

گوناهم ئه‌وه‌بوو بۆ فه‌نه‌ره‌كانی موحیبه‌ت

پێكه‌نینی پیاوێكم داگیرساند

كه‌چی زیكزیكه‌ به‌خیله‌كان نه‌یان هێشت

چرپه‌ی چرپاكه‌میان به‌مقه‌ستی خامۆشی قرتاند،

خه‌یاڵی مۆبایله‌كه‌میان به‌سته‌وه‌ به‌هیچستان

ده‌می كاتژمێره‌كه‌میان پرِكرد له‌ئاخ هه‌ڵكێشان

له‌تێ گریانیان له‌یه‌خه‌مدا چاند،

له‌تێ پێڵاویش ته‌ژی له‌وه‌سێتی

رۆشتن به‌شه‌له‌ شه‌ل..!

لێره‌وه‌ میلی مردن پێچ ئه‌كاته‌وه‌

من ماتڵم له‌چركه‌یه‌كدا،

وه‌لێ پێیه‌كانم پرِه‌ له‌سه‌عاتی پیاسه‌

لێره‌وه‌ كراسێكم له‌به‌ردایه‌،

ژیان بانگم ده‌كاو

گوڵ له‌ناویا ئاو ده‌نێژێ،

وه‌لێ نزیكم له‌نزا وه‌ریوه‌كانی دڵی بیابان

لێره‌وه‌ له‌دوورِیانی شه‌وێكا،

جانتای سه‌رم سه‌راب راده‌خا

جاده‌ ده‌رِوا

پارك ده‌رِوا

باران ده‌رِوا

له‌و سه‌رابه‌ شینه‌دا،

من پیاوێك ئه‌ناسم ئاوی، ئاوی

ریشی پایزی لێ ده‌بارێ،

قژی گریان هه‌ڵده‌كا..!

* * *

ته‌ماشاكه‌ن زه‌ینم په‌یتا، په‌یتا پێوه‌ئه‌درێ

له‌پێشبرِكێی ژماره‌كانیا

یه‌كه‌م زه‌ینم كه‌پێوه‌ ئه‌درێ

گێلاس قسه‌یه‌كی هه‌یه‌ هه‌تا مناڵم ده‌م و دان،

ده‌مپارێزی له‌شه‌رِی ناگه‌هان

له‌جنێوی (باكان)

كه‌ باڵق بووم و سور هه‌ڵگه‌رام

ته‌رمم له‌ناو تانووپۆی ده‌مودانا

تابوتێكه‌ ته‌ریقبوونه‌وه‌ی خوێن..!

دووه‌م زه‌ینم كه‌پێوه‌ ئه‌درێ

چه‌تر قسه‌یه‌كی هه‌یه‌: تا حزوری باران هه‌بێ،

ته‌نیاییم هه‌ڵده‌واسم به‌قه‌دی پێكه‌نینمه‌وه‌

چه‌تر بۆ ئه‌به‌د ناگاته‌ ویساڵ

له‌كاتێكدا ئه‌م قاقای قڵیشاوی خۆی كۆده‌كاته‌وه‌

باران له‌ماچی گوڵێكدا ده‌خه‌وێ

سێیه‌م زه‌ینم كه‌پێوه‌ ئه‌درێ

ورده‌چه‌و قسه‌یه‌كی هه‌یه‌: ئاره‌زوومه‌ هه‌رده‌م،

جۆگه‌ قوڵ بكات به‌قۆڵمدا،

به‌ڵام كه‌ باڵه‌كانی پایز،

له‌سه‌ر روومان ده‌نیشێته‌وه‌

پشتوێنی جۆگه‌ پرِئه‌بێ له‌تینوێتی

منیش له‌هه‌ناوما فواره‌ی ته‌نهایی..!

چواره‌م زه‌ینم كه‌پێوه‌ ئه‌درێ

ته‌ناف قسه‌یه‌كی هه‌یه‌:

مه‌مكبه‌ندێك ئه‌وه‌نده‌ دۆستم بوو

ئه‌وكی پرِكردم له‌ته‌رِی

به‌ڵام كه‌ له‌گه‌ڵ (با)دا یاری كردو

چووه‌ خولی فرِینه‌وه‌،

منیش كه‌جوڵامه‌وه‌ له‌ره‌م لێی رژا ته‌نهایی..!!

پێنجه‌م زه‌ینم

كه‌پێوه‌ ئه‌درێ

هه‌نجیر قسه‌یه‌كی هه‌یه‌: كه‌هه‌وای هاوین گه‌رمم ده‌كاته‌وه‌

له‌زه‌ت ده‌چێته‌ ناو سینه‌ی ستیانه‌كانمه‌وه‌

درێغاكه‌ سه‌فه‌ر ده‌كه‌م

پێستم په‌ژمورده‌ ده‌بێ و

كه‌پشوویه‌كش ئه‌ده‌م له‌ناو ده‌ستی شۆره‌ژنێكدا

شه‌هوه‌تی مره‌با ده‌مبا..!!

شه‌شه‌م زه‌ینم كه‌پێوه‌ ئه‌درێ

ئازادی قسه‌یه‌كی هه‌یه‌: به‌دره‌خت ده‌ڵێ

بۆ هه‌موو چڵه‌كانت ژیان ده‌كرِم،

عاشقتم تا چاخه‌ به‌ردینه‌كانی زه‌مهه‌ریرو

تا باخچه‌ بابێچه‌كانی سه‌قه‌ر

كه‌چی دره‌خت له‌یه‌كه‌م پێناسیندا،

به‌چڵه‌كانی سێداره‌ی بۆچنی

حه‌وته‌م زه‌ینم كه‌پێوه‌ ئه‌درێ

كه‌نار رووبار قسه‌یه‌كی هه‌یه‌: من تا ئه‌مرم

قاچه‌كانی شه‌پۆل له‌ماندووبون ئه‌ته‌كێنم،

به‌ڵام كه‌ به‌له‌می زریانێك هه‌ڵده‌كا

بێئه‌وه‌ی پرسم پێ بكا

گه‌وجانه‌ ده‌بێته‌ كه‌وشی زریان و

گه‌وجانه‌ نوچ ئه‌دا.....!

ئه‌و قسه‌یه‌كی هه‌یه‌:

(1)پێگه‌یشتن مه‌حاڵه‌

هه‌میشه‌ مه‌ودایه‌ك هه‌یه‌

من قسه‌یه‌كم هه‌یه‌:

ده‌بێ بستێك له‌باران و

برِێك له‌باڵنده‌و

له‌ره‌یه‌ك له‌دره‌خت و

پسوڵه‌یه‌ك له‌پیاو

له‌حوزنی جانتاكه‌م بسرِم،

ئه‌نجا سه‌فه‌ر بكه‌م

سه‌فه‌ری من ته‌نهاییه‌

عیشق مه‌ودایه‌كه‌ ته‌نها

ئه‌و قسه‌یه‌كی هه‌یه‌

(2)هه‌میشه‌ عاشق ته‌نهایه‌

وه‌سێتی چ خه‌یاڵێك كه‌ڵه‌كه‌ بكه‌م

من زه‌ینك بۆ ئه‌به‌د پێوه‌ئه‌درێ،

بۆ ئه‌به‌د پێوه‌ ئه‌درێ

بۆ ئه‌به‌د..!!

 

رۆژ هه‌ڵه‌بجه‌يی

پێشكه‌شه‌ بۆ هاورێیه‌كى دووره‌وڵاتم